پەرلەمانی کوردستان لەم هەفتەیە کۆدەبێتەوە

پەرلەمانی کوردستان لەم هەفتەیە کۆدەبێتەوە
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە هەر حاڵەتێکدا کۆتای ئەم هەفتەیە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.

زانا مەلا خالید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی پارتی ڕايگەیاند: ”ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی ئامادەکاریەکانمان تەواو کردووە و سبەی ناوی پەرلەمانتارەکانمان ڕادەستی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین، ئێستا لەگەڵ فراکسیۆنی سۆشیالیست هاوپەیمانێتیمان هەیە و ژمارەی کورسیەکانمان بووە بە 46 کورسی، هەر بۆیە بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ پێنج ئەنداممان بۆ هەر لێژنەیەک دەبێ“.

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی ”تەنیا لێژنەی یاسای هەڵبژێردراوە، بەڵام 14 لێژنەی دیکە ماون، ڕۆژی دووشەممە 4/3/2019، سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە تاوتوێی دابەشکردنی ئەندامەکان بەسەر لێژنەکان دەکەن“.

ئاماژەی بەوەدا: ”چاوەڕێی کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەب سیاسی دەکەین، بڕیارە سبەی یەکشەممە کۆببنەوە، ئەگەر گەیشتنە ئەنجام ئەوا خوازیارین برادەرانی فراکسیۆنی یەکێتیش بگەڕێنەوە پەرلەمان و بەشداری کۆبوونەوەکان بکەن، ئەگەر نەشگەڕێنەوە ئەوا ئێمە بە پێی پەیڕەو کار دەکەین و دانیشتن ڕێژەی یاسای تەواو بێت، وەک کۆبوونەوەکانی پێشتر کاری پەرلەمان لەسەر هیچ فراکسیۆنێک پەکناخەین“، ڕوونی کردەوە کە جێی ئەندامانی یەکێتی بە بەتاڵی دەهێڵنەوە تا گەڕانەوەیان بۆ ناو پەرلەمان.

ئاشکرایشی کرد ”لە هەر حاڵەتێکدا کۆتایی ئەم هەفتەیە واتە ڕۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت“.










باسنيوز
Top