ئەمریکا پەکەکە لە “لیستی تیرۆر” دەھێڵێتەوە

ئەمریکا پەکەکە لە “لیستی تیرۆر” دەھێڵێتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕای گەیاند کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە لیستی تیرۆردا دەھێڵێتەوە.

بە پێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە دوێنێ هەینی ١ی ئاداری ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە، بە درێژایی زیاتر لە دوو دەیەیە، پەکەکە لە لیستی تیرۆری ئەمریکا دانراوە، ئەو وڵاتە بەردەوام بەرەنگاری مەترسییەکانی پەکەکە بووەتەوە و لەگەڵ ھاوپەیمانەکەی لە ناتۆ (تورکیا) کاری کردووە بۆ پێشگرتن بە کاروباری دارایی و پارە کۆکردنەوەی پەکەکە لە ئەورووپا و وڵاتانی دیکە.

ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیش دەکاتەوە کە پەکەکە لە لیستی (ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان) دەمێنێتەوە و واشنگتۆنیش پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی.

ئەم بڕیارەی ئەمریکا، بە پێی ھەمان ڕاگەیاندراو، دەستی حکوومەتی ئەو وڵاتە واڵا دەکات بۆ جێبەجێکردنی یاسا دژ بە ئەندامان و سەرکردەکانی پەکەکە و ڕێگە نەدان بە پەکەکە بۆ کارکردن لەناو سیستەمی بانکی و دارایی ئەمریکی.

پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٨، حکوومەتی ئەمریکا خەڵاتێکی ١٢ میلیۆن دۆلاری بۆ ئەو کەسانە تەرخان کرد کە زانیاری لەسەر شوێنی سێ لە سەرکردە باڵاکانی پەکەکە بدەن و ڕێگەخۆشکەر بن بۆ دەستگیرکردنییان.











باسنيوز
Top