سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئۆرسام لە تورکیا : كورد گەلێكی مەزنە، پەكەكە بەهیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی کورد ناکەن

سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئۆرسام لە تورکیا : كورد گەلێكی مەزنە، پەكەكە بەهیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی کورد ناکەن
سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئۆرسام لە تورکیا ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی پەکەکە لەدژی تورکیا و رایدەگەیێنێت، ئەمریکا دەیەوێت پەکەکە وەک ئامرازێک بۆ سیخووڕی بەکاربهێنێت، ئەمانە بەهیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی کورد ناکەن.

پ.د ئەحمەد ئویساڵ، سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئۆرسام لە تورکیا لە میانی بەشداریی لە پانێلێکدا لە یەکەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر رایگەیاند: ئەمریکا پەکەکەی وەک سیخوڕ بەکارهێناوە، ئەمانە بەهیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی کورد ناکەن. بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، ئەمریکا ئۆجەلانی رادەستی تورکیا کرد و لەبەرامبەردا پەکەکەی خستەژێر هەژموونی خۆی.

سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئۆرسام لە تورکیا هەروەها گوتی: "پەکەکە دەیویست دوای دروستکردنی کانتۆن لە سووریا، لەناوخۆی تورکیاش کانتۆن دروستبکات، تورکیا شکستی بەو هەوڵە هێنا و رێگری لێکرد".

پ.د ئەحمەد ئویساڵ لەبارەی نزیکبوونەوەی وڵاتەکەی لە رووسیا گوتی: "تورکیا دەیەوێت هاوکار بێت لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا بۆ چارەسەرێکی سیاسی لە سووریا، بەڵام ئەمریکا دەیەوێت پەکەکە وەک ئامرازێک بۆ سیخووڕی بەکاربهێنێت بۆیە لەگەڵ تورکیا نەگەیشتە خاڵی هاوبەش و ناچار تورکیا رووی لە رووسیا کرد".

ئەحمەد ئویساڵ گوتی: "دوای شەڕی داعش ئەمریکا دەیویست تورکیا گەمارۆ بدات، تورکیا دژی پێدانی ماف نەبوو بە کورد بەڵکو دژی ئەو گەمارۆیە بوو کە رۆژئاواییەکان دەیانویست بیخەنە سەر تورکیا لە باشووری تورکیاوە".

سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئۆرسام لە تورکیا پەکەکەی تۆمەتبارکرد بە بەکارهێنانی کورد بۆ ئامانجەکانی و گوتی: "پەکەکە و یەپەگە بەعسێکی کوردین، ئەوان ناوی کورد بەکاردەهێنن بەڵام نوێنەرایەتی کورد ناکەن، رژێمێکی ستەمکاریان لە باکووری سووریا دروستکردووە، پەکەکە رێگە بەهیچ هزرێکی جیاواز و ئۆپۆزیسیۆن نادات لەژێر دەسەڵاتیدا".

سەبارەت بە بوونی تورکیا لەنێو خاکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، ئەحمەد ئۆیساڵ گوتی: "تورکیا بۆ هاوکاری و رزگارکردنی خەڵک لە باکووری سووریایە، هەوڵدەدات لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچەیە، ناوچەکە ئاوەدان بکاتەوە کە زۆربەشیان کوردن. دواتر تورکیا لەو ناوچانە دەکشێتەوە، تورکیا پێویستی نییە بچێتە سووریا ئەگەر مەترسی و هەڕەشەکان نەمێنن".




رووداو
Top