له ورمێ کۆڵبەرێکی کورد بەهۆی سەرماوە ڕەق هەڵات

 له ورمێ کۆڵبەرێکی کورد بەهۆی سەرماوە ڕەق هەڵات
کۆڵبەرێکی خەڵکی "چالدێران"ی سەر بە ورمێ بەهۆی ونکردنی ڕێگا لە سنوورەکانی باکووری کوردستان و چالدێران لە سەرما ڕەق هەڵاتووە و دووی دیکەش تووشی سەرمابردوویی بوون.



بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) دوێنێ هەینی 2019.3.1 تەرمی کۆڵبەرێکی خەڵکی چالدێران کە چەند ڕۆژ پێش لە کاتی کۆڵبەریدا ون بببوو، لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزراوەتەوە.



ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی کە ڕەق هەڵاتووە "تاهیر ئەدیبی" خەڵکی گوندی "عیسا گولیک"ی سەر بە چاڵدێران ڕاگەیەندراوە.



بەپێی هەمان سەرچاوە دوو کۆڵبەری دیکەی خەڵکی چالدێران بە ناوەکانی "بێهزاد خەلیلی و فەرهاد نەقشی" تەمەن ٢١ ساڵ تووشی سەرما بردوویی بوون و ئێستا لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری چالدێرانی سەر بە پارێزگای ورمێ لەژێر چاوەدێریی پزیشكیدان.



بێهزاد خەلیلی هاوینی ئەمساڵ جاریکی دیکەش بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرابوو.



بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ماڵپەڕی (هەنگاو) لە ماوەی مانگی فێوریەی ساڵی ٢٠١٩ی زایینی لانیکەم ١٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون کە کەسێکیان کوژراوە و ١١ کەسیان بریندار بووە.











باسنیوز
Top