حه‌داد: بەغدا قەرەبووی زیانلێکەوتووانی رواندز و چۆمان و سۆران دەكاتەوە

 حه‌داد: بەغدا قەرەبووی زیانلێکەوتووانی رواندز و چۆمان و سۆران دەكاتەوە
ئەمڕۆ هەینی د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد بڕە پارەیەک لە بودجەی فریاکەوتنی عێراقەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی زیانلێکەوتووی رواندز و چۆمان و سۆران تەرخان دەکرێت.


لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاو لە رواندز و چۆمان و سۆران، د.بەشیر حه‌داد رایگەیاند "لە 18-11-2018 نووسراوێکمان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق کرد و داوامان لێ کردن لە بودجەی فریاکەوتن بەشێک بۆ ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت، کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێگەیشتووە، داواشمان لە قایمقامیەتی هه‌رسێ قەزای سۆران و چۆمان و رواندز کرد، دەرخستەیەکی سەرەتایی زیانەکانمان بۆ بکەن، دەرخستەکەیان بۆ ناردین، ئێمەش بۆ وەزارەتی داراییمان نارد، دوو جاریش بە زارەکی بە وەزیری داراییمان گوتووە پارەکە دواکەوتووە و لای ئێوەیە، ناکرێ بڵێن بودجە ماوە یان نەماوە، چونکە ئەمە لە بودجەی فریاکەوتنە و هەموو کات و ساتێک پارەکە ئامادەیە، ئێستەش بڕیارەکە لای وەزارەتی دارایی ماوە بۆ خەرجکردنی".


هەروەها گوتی "سەرەڕای ئەوە لە دەرەوەی یاسای بودجە، توانیمان 16 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەین، ئومێد دەکەین سەرەڕای ئەو پارەیەی وەزارەتی دارایی بۆیان دابین دەکات، ناوچەکانی سۆران و چۆمان و رواندز لەو 16 ملیار دینارەش بەشێکیان هەبێت".


لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو، بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر و بەخوڕ، لافاوێکی گەورە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانی گرتەوە، لافاوەکە بە تایبەت لە سنووری قەزاکانی سۆران و چۆمان و رواندز زیانێکی زۆری لێکەوتەوە و دەیان ماڵی هاونیشتمانیان و دەیان پڕۆژە زەرەرمەند بوون.





باسنيوز
Top