وادەی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی راگەیەندرا
ئەمەش لە کاتێکیدا دوێنی پێنج شەممە، کۆسرەت رەسوول عەلی، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە هەولێر بە مەبەستی تەواوکردنی گفتوگۆکان لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێ و پرسی دانانی پارێزگاری کەرکووک و پۆستی وەزیری داد کۆدەبنەوە.
هەروەها، فرسەت سۆفی، ئەندامی شاندی دانووستانکاری پارتی لە لێدوانێکی تایبەتدا، هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتڕاستکردەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای سەردانی شاندێکی باڵای یەکێتی بۆ بەغدا دێت، کە مەبەست لێی داواکردنی پشکی یەکێتی بوو لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمهەدی.
بەهۆی رێکنەکەوتنی لەگەڵ پارتی، یەکێتی بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان ناکات و لە ئێستاشدا، داهاتووی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نادیارە.
k24-
