دیوارە كۆنكرێتییەكانی خورماتوو هەڵدەگیرێن

دیوارە كۆنكرێتییەكانی خورماتوو هەڵدەگیرێن
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی ئاشكرای دەكات، ئیدارەی خورماتوو دەستی كردووە بە هەڵگرتنی ئەو دیوارە كۆنكرێتییەی كە لە نێوان گەڕەكەکانی كورد و توركمان و عەرەبی خورماتوودا دانرابوون.

ئەرسەلان عەلی، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئیدارەی شاری خورماتوو دەستی کردووە بە هەڵگرتنی ئەو دیوارە كۆنكرێتییەی لە نێوان گەڕەكەکانی كورد و توركمان و عەرەبدا دانرابوو، ئەمەش بەو مەبەستەی ئەو سیما سەربازییە بە شارەكەوە دیارە نەمێنێت و، ئەو دابڕانەی نێوان پێكهاتەكانیش كۆتایی پێ بێت."

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی ئاماژەیشی دا: "بەشێك لە توركمانەكانی خورماتوو ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و دژی ئەم هەنگاوەی ئیدارەی شارەكەن، ئاخر ئەوان دەیانەوێت لە گەڕەكە تێكەڵاوەكان ئەم بەربەستانە هەر بمێنن و كوردەكان لەو گەڕەكانە دوور بن و نەگەڕێنەوە."

پێوەست بە ڕەوشی ئێستای شارەكە، ئەرسەلان عەلی ئاشكرای كرد: "ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی ناردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕیشسپیی پێكهاتەكانی خورماتوو كۆ ببنەوە و كێشەی نێوان پێكهاتەكانی شارەكە چارە بكەن، بەڵام تا خەڵكی شارەكە قەرەبوو نەكرێنەوە و ڕەوشە سەربازییەكە نەگۆڕدرێت و حەشد بە دڵی خۆی هەرچی بیەوێت بیكات، كێشەكان چارە نابن، ئاخر خەڵكی لە دڵەڕاوكێدا ژیان بەڕێ دەكەن، بە تایبەتیش كوردەكان."

دوای پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش و هاتنی گرووپ و تاقمەكانی حەشدی شەعبی بۆ شاری خورماتوو، بە هۆی ڕەفتارەكانی حەشدی شەعبییەوە پێكەوەژیان لە شارەكەدا نەما و شەڕی نێوان پێكهاتەكان دەستی پێ كرد، بە بیانووی هێوركردنەوەی دۆخەكەش، حكوومەتی عێراق دەستی کرد بە دانانی دیواری كۆنكرێتی لە نێوان گەڕەكەكانی خورماتوودا.
kdp-
Top