فوئاد حوسێن پێشوازیی لە باڵیۆزی تورکیا و هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق کرد
بە سەرۆكایەتیی د. فوئاد حوسێن، دەستەی ڕاوێژكاری و بۆچوون لە وەزارەتی دارایی كۆبوونەوەی خۆی گرێ دا و ژمارەیەك بڕیاری بۆ بەرژەوەندیی گشتی دەركرد.
دەستەی ڕاوێژكاری و بۆچوون لە وەزارەتی داراییی حكوومەتی عێراق كۆبوونەوەیەكی بە سەرۆكایەتیی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران - وەزیری دارایی گرێ دا، لەم كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا ئاسانكاری بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی نەخۆشخانەی عێراقی - ئەڵمانی بۆ نەخۆشییەكانی شێرپەنجە پێشكەش بكرێت، ئەم نەخۆشخانەیەش دەبێتە یەكەمین دەزگای پزیشكی بۆ خزمەتكردنی چینێكی گرنگی كۆمەڵگا.
هاوكات بڕیار درا كۆمپانیاكانی دڵنیایی یەك بخرێنەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئەدای وەزیری بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی.
هەر ئەمڕۆ د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری - وەزیری دارایی پێشوازیی لە جودی هوود، هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.
لەم دیدارەدا هەردوولا تیشكیان خستە سەر پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان عێراق و ئەمەریكا و بەشداریكردنی شاندی حكوومەتی عێراق لە كۆبوونەوەكانی بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی كە بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوودا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكا گرێ بدرێت.
لەو سەردانەشدا د. فوئاد چەندین دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەرپرسانی بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی دراو و بەرپرسانی بازرگانی لە ئەمەریكا گرێ دەدات بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی دیاڵۆگی پەیوەست بە بازرگانی و وەبەرهێنانی دوو قۆڵی.
هەر لەو دیدارەدا هەردوولا تیشكیان خستە سەر هەبوونی زەمینەیەكی لەبار بۆ وەبەرهێنان و هاندانی وەبەرهێنەران بۆ كاركردن لە عێراق و فەراهەمكردنی دەرفەتی كار و نەهێشتنی بێكاری و بەرزتركردنەوەی باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاری و بنیادنانەوە لە هەموو بەشەكانی عێراق بە كاركردنی ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان و باشتركردنی زەمینەی وەبەرهێنان لە پرۆسەی دووبارە بنیادنانەوە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری.
جێگری سەرۆكوەزیران دووپاتی كردەوە، حكوومەتی عێراق لە ئامادەكردنی پرۆگرام و پلانە حكوومییەكان بەردەوامە بۆ ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بوودجە بۆ ساڵی 2020 بۆ زامنكردنی هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەن و دەزگا و پارێزگاكان بۆ دەستنیشانكردنی پێویستیی فیعلی و هەبوونی یاسایەكی تەواوی بوودجە و خزمەتگوزاریی پێویست بۆ سوودی گەلی عێراق.
لە دیدارێکی دیکەدا ئەمڕۆ د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران - وەزیری دارایی پێشوازیی لە بەڕێز فاتیح یوڵدوز، باڵیۆزی توركیا لە بەغدا و شاندی یاوەری كرد.
لەم دیدارەدا باس لە پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات كرا، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جەخت لەسەر پێویستی بەهێزتركردنی ئەم پەیوەندییانە كرایەوە لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
باڵیۆز یوڵدوز ئامادەییی وڵاتەكەی نیشان دا بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەكانی دووبارە بنیادنانەوەی عێراق لە ڕێگەی پرۆژە ستراتیژییە گەورەكان و پرۆژەكانی ڕێكخستنی ئاو و ئاوەڕۆ.
جێگری سەرۆكوەزیرانیش ستایشی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە و دووپاتیشی كردەوە عێراق هەمیشە وەكو دراوسێیەكی گرنگ سەیری توركیای كردووە و دەستپێشخەریی توركیا بۆ دووبارە بنیادنانەوەی عێراق بە گرنگ دەزانێت.
باڵیۆز یوڵدوز داوەتنامەیەكی پێشكەش بە د. فوئاد كرد بۆ ئامادەبوون لە كۆمبەندی تایبەت بە بازرگانی و وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی توركیا لە عێراق كە لەم نزیكانە لە بەغدا گرێ دەدرێت، هەروەها هەردوولا لەسەر تەواوكردنی ڕێوشوێنەكانی نەمانی دوو لایەنی باج بكات لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
kdp-
