شێخ جەعفەر مستەفا: چاوەڕێی کۆبوونەوە گرنگەکەی پارتی و یەکێتی دەکەین

شێخ جەعفەر مستەفا: چاوەڕێی کۆبوونەوە گرنگەکەی پارتی و یەکێتی دەکەین
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتووی نێوان حزبەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستان ”زۆر گرنگە“ و هەموویان چاوەڕێی ئەو کۆبوونەوەیە دەکەن.

شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگەی ئەو حزبە، لەبارەی کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی ٢\٣\٢٠١٩ی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، ڕايگەیاند: ”ئەم کۆبوونەوەیە زۆر گرنگە و ھەموومان چاوەڕێی ئەوە دەکەین، کە ئەو کێشە و گرێ کۆنانەی لە ڕێگادا ھەیە، بە گفتوگۆ و دانیشتن چارەسەر بکرێن“.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممە، ئاشکرای کرد ”ھێشتا لە ھەردوولا، دیاری نەکراوە کە کێ بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکات“.

سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردرنی فراکسیۆنی یەکێتی، لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لە ڕۆژی ھەینی ١\٣\٢٠١٩، شێخ جەعفەر مستەفا ئاماژەی بەوە کرد: ”ئەوەیان پەیوەندی بە من نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر لە کۆبوونەوەکەدا بگەینە ئەنجامێک، ئەوا فراکسیۆنی یەکێتیش لە داهاتوودا بەشداری لە کۆبوونەوەکان دەکات و ڕۆڵی خۆی لە بڕیار و یاساکان کە دەردەچن، دەبێت“.










باسنيوز
Top