پەرلەمانتارێکی پارتی: ھەموو ھەوڵەکان بەئاڕاستەی نەمانی پاشەکەوتی مووچە ھەنگاو دەنێت

پەرلەمانتارێکی پارتی: ھەموو ھەوڵەکان بەئاڕاستەی نەمانی پاشەکەوتی مووچە ھەنگاو دەنێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، کە بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان ھەرێم و بەغدا، حکوومەتی عێراقی پابەندە بە ناردنی بودجەی ھەرێمی کوردستان.

دانا شەھید جەزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند: "بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و بەغدا کراوە، ئەگەر حکومەتی ھەرێم، ڕۆژی 250 ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، حکوومەتی عێراق بەپێی ڕێککەوتنەکە پابەندە بەوەی بودجەی گشتی تەواوی فەرمانبەرانی ھەرێم بنێرێت".

گوتیشی: "ئەگەر حکوومەتی ھەرێم ئەو بڕە نەوتەی کە بۆی دیاریکراوە ڕەوانە نەکات، ئەوکاتە حکوومەتی عێراقی تەنھا مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەنێرێت، بێگومان ئەو موچەیە خۆی لە بڕی 550 ملیار دینار دەبینێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشیس خستە ڕوو، ھەموو ھەوڵەکان بەئاڕاستەی ئەوەدا ھەنگاو دەنێن، کێشەی دارایی ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت، چونکە ئەو پارەیەی کە بۆ فەرمانبەرانی کوردستان دەنێردرێت، بەپێی ڕێککەوتن کراوە و ھەنگاوێکی باشە بۆیە ئەو پارەیەی کە بۆ فەرمانبەران و ھێزی پێشمەرگە دێت، بەشێوەیەکی باش دارایی ھەرێمی کوردستان دەبوژێنێتەوە، بەجۆرێک وەکو ساڵی 2014ی لێ دێتەوە.









باسنيوز
Top