کۆمەڵ: لێژنەکانی پەرلەمان بەبێ یەکێتی هەڵدەبژێردرێن و دانیشتنەکانیش بەردەوام دەبن
عوسمان عەلی سمایل، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەرجەم فراکسیۆنەکانی خولی پێنجەم فۆرممان بۆ ھاتووە، بۆ پڕکردنەوەی لێژنە ھەمیشەییەکان و دیاریکردنی ناوی پسپۆڕەکان بۆ لێژنەکان تا لەوێوە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت و دەنگیان لەسەر بدرێت".
ڕوونیشی کردەوە: "ڕۆژی ھەینیی کاتژمێر ١٠ی بەیانی کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت و بڕیارە لە دانیشتنەکەدا ڕێکاری پێویست بۆ لێژنە ھەمیشەییەکان دابنرێت".
ئەوەشی خستە ڕوو: "پەرلەمان دواکەوتووە، بۆیە دەبێت لێژنە ھەمیشییەکان دیاری بکرێن و قەرەبووی ئەو دواکەوتنە بکرێتەوە".
ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ دەشڵێت: "حەزمان دەکرد یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانیش بەشداریی دانیشتنەکان بکەن، بەڵام لەبەرئەوەی سەرۆکی ھەمیشەیی پەرلەمان بە وەکالەت ھەڵبژێردراوە، لێژنەکانیش پێک دەھێنرێن و دانیشتنەکانیش بەبێ یەکێتی ئەنجام دەدرێن".
باسنیوز
