پارتی: دەمانەوێ پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان بگەڕێتەوە
دیاری حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی ڕای گەیاند: "ھیچ ھەنگاوێک بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک نەنراوە و تائێستاش باسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شوێنەکانی جارانی نییە، بەڵکوو تەنیا باس لە ھەماھەنگی دەکرێت لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە“.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەوە دەریدەخات شتێکی ئەوتۆ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە نەکراوە، لە کاتێکدا ”ئێمە وەکوو پارتی دەمانەوێت دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و پێشمەرگە بۆ سنوورەکان بگەڕێتەوە و ھێزەکانی دیکەی ئاسایش و پۆلیس بەیەکەوە کار بکەن".
باسیشی لەوە کرد کە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ”کەسێکە تێگەیشتووە لە دۆخی کوردستان“ و باوەڕی خۆی بەوە نیشان دا کە عەبدولمەهدی هەنگاوی ئەرێنی بنێت، بەڵام پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەتوانێت گۆڕانکاریی سیاسی بکات؟
باسنیوز
