ئومێد خۆشناو: لەگەڵ یەکێتی ڕێک نەکەوین کارەکانی پەرلەمان پەک ناخەین
ئومێد خۆشناو لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا)، ڕای گەیاندووە: ”ئەو دۆخەی هەیە کە بەشدارینەکردنی یەکێتییە، دۆخێکی نەخوازراوە و بێ ویستی ئێمە، چونکە فراکسیۆنی یەکێتی فراکسیۆنێکی کاریگەرە و ھاوپەیمانین“.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە هەرچەندە پەرلەمانتارانی یەکێتی ناچنە نێو پەرلەمانەوە، بەڵام ”بەشێوازە جۆراوجۆرەکان گفتوگۆمان ھەیە، ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتیش لەو دۆخە ناڕازین و ھیواخوازن پێکەوە ڕێکبکەوین تا بتوانین بە باشترین جۆر پێکەوە لە ھاوپەیمانێتییەکی دروستدا کارەکانمان بکەین".
خۆشناو ڕوونی کردووەتەوە کە یەکەمین کاری لێژنەی یاسایی، هەموارکردنەوەی بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لەنێو خەڵکەوە بۆ نێو پەرلەمان، بەڵام دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە.
دووپاتیشی کردووەتەوە، ڕۆژی شەممە کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی ئەنجام دەدرێت، ”ھیوادارین بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتن نەکرا، بە دڵنیاییەوە کارەکانی پەرلەمان پەک ناخرێت و ھەنگاوی بۆ ھەڵدەگیرێت، بابەتی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم بابەتی نیشتمانین، ئەگەر ھەر ئاستەنگێک بێتە پێش، بێگومان چاوەڕوانیمان نابێت“.
ئەوەشی وەبیر هێناوەتەوە کە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەوان چوار مانگ چاوەڕوانییان هەبووە، لە کاتێکدا ئەوەی لە لە ١٨ی شوباتدا کردوویانە، دەیانتوانی لە ٦ی ١١ی ٢٠١٨ ئەنجام بدەن.
باسنیوز
