شوان محەمەد: پارتی لەسەر دوو خاڵ كار دەكات.. زێباری بەشداریی كۆبوونەوەكه‌ دەكات

شوان محەمەد: پارتی لەسەر دوو خاڵ كار دەكات.. زێباری بەشداریی كۆبوونەوەكه‌ دەكات
ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لایەنە عێراقییەكان و ھەرسێ سەرۆكایەتیی عێراق بۆ چارەكردنی كێشەكانی ئێستای عێراق بەڕێوە دەچێت، بەرپرسێكی پارتییش دەڵێ، ھەوڵەكانی پارتی بەردەوامن بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا و مانگی داھاتووش زۆرێك لەو كێشانە لەسەر دەستی پارتی یەكلا دەكرێنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشیار زێباری، بەشداریی كۆبوونەوەی لایەنە سەرەكییەكانی عێراق دەكات و بۆچوونی پارتی لەبارەی ئەو كێشانەی ئێستای عێراقەوە دەخاتە بەردەم لایەنە عێراقییەكان.

شوان محەمەد تەھا، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا ئاشكرای كرد: "پارتی دەمێكە پلانی ھەیە كێشەكانی ھەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی دروست و یاسایی و بەپێی دەستوور لەگەڵ بەغدا چارە بكات، پارتی لەسەر دوو خاڵ كار دەكات، یەكەم دەستكەوتەكانی ھەرێمی كوردستان بپارێزیت، دووەم پارتی ھەموو ھەوڵێكی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستان بەدەست بێنێت، ئەوە سیاسەت و پلانی ڕوونی پارتیمانە و ھەر لەسەر ئەو بنەمایەش دانوستان لەگەڵ تەواوی ھێز و لایەنە عێراقییەكان بەردەوامە".

بەرپرسی لقی بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "كێشە ھەڵواسراوەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا زۆرن، بەڵام بەپێی پلانی پارتی بۆ چارەكردنی ئەو كێشانە، پێشبینی دەكەین لە مانگی داهاتوودا زۆربەی ئەو كێشانە یەكلا بكرێنەوە و چارە بكرێن".

جێی ئاماژەیە، دوای سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق، ھەنگاوی جیددی نراون بە ئاراستەی چارەكردنی كێشەكانی نێوان و ھەرێم بەغدا.
KDP-
Top