مووسا ئەحمەد: داوامان لە شاندەكەی سعوودیە كردووە لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا بن

مووسا ئەحمەد: داوامان لە شاندەكەی سعوودیە كردووە لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا بن
شاندێكی باڵای سعوودیە لە مەركەزی شاسەلمانەوە نێردراوە بۆ ھەرێمی كورستان بۆ ھاوكاری و بەسەركردنەوەی ئاوارە و پەنابەران، بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانییش دەڵێت، ھاتنی ئەم شاندە زۆر گرنگە، چونكە ھاوكارییەكانی UNو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ پەنابەران زۆر كەمیان كردووە.

پەیوەست بە ھاتنی شاندە باڵاكەی سعوودیە، بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مووسا ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم شاندە لە مەركەزی (شاسەلمان)ـەوە ھاتووە بۆ ھەرێمی كوردستان و لە بەرنامەشیاندا ھەیە سەردانی پارێزگاكانی تری عێراق بكەن، بە تایبەتی بەسڕا و مووسڵ، سەردانەكەیان گرنگیی زۆری ھەیە بۆ كوردستان، بە تایبەتیش لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارە و پەنابەر لێرە ماون، كە لە كوردستاندا زیاتر لە ٣٨ كەمپی ئاوارە و پەنابەران ھەن".

لە ماوەی رابردوودا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆڵێكی كاریگەری ھەبووە لە خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەران، بۆیە كە یەكەم وێستگەی سەردانی شاندەكەی سعوودیە، بەسەركردنەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوو و لەلایەن دەزگاوە پێشوازییان لێ كرا، ھەرەوەھا شەوی ڕابردووش كۆبوونەوەیەكی ھاوبەشیان ھەبوو لە بارەی پێویستییەكانی ئاوارە و پەنابەران".

مووسا ئەحمەد دەڵێ: "لە كۆبوونەوەكەدا تیشكمان خستە سەر بواری تەندروستی و هەروەها چۆنیەتیی ھاوكاریكردنی ئەو خەڵكانەی دەگەڕێنەوە شوێنەكانی ڕابردوویان لە ناوچەكانی شنگالەوە بگرە تاوەكوو دەگاتە ھەموو ئەو شوێنانەی كە ئاوارەكانی لێوە ھاتوونە، قسەشمان لەسەر ئەوە كرد كە ئاوارەكان پێویستیان بە چ جۆرە خزمەتگوزارییەك ھەیە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر شوێنەكانی خۆیان، یان كاتێك كە دەگەڕێنەوە، ئەو پێویستییە سەرەكیانەیان لە بەردەستدا ھەبێت كە بۆ ھەر ماڵباتێك گرنگن".

ئەحمەد، گوتیشی: "ئەمڕۆش شاندەكە بە ھاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی چەند كەمپێك دەكەن، وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختمان لەوە كردووەتەوە، كە ھاتنی ئەوان بە لای كوردستانەوە زۆر گرنگە، بە تایبەتی كە ھاوكاریی ئاژانسەكانی UNو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان زۆر كەم بوونەتەوە، بۆیە ھاتنی ئەم شاندە لەم ئانوساتەدا جێگای دڵخۆشییە، بە تایبەت لەبەر ئەوەی پەنابەر و ئاوارەكان كێشەی زۆریان ھەیە، هەر لە كێشەی خۆراكەوە بگرە تاوەكوو كێشەی كەمبوونەوەی چادرەكانیان و لە بواری تەندروستی و پەروەردەشدا كێشەی زۆر ھەن و شاندەكەمان لێ ئاگادار كردووەتەوە."

بەرپرسی دەزگای خێرخوازی بارزانی، زیاتر گوتی: "ھیوادارین كاری ئەم شاندەی سعوودیەش بە ھەمان شێوەی وڵاتی ئیمارات و كوەیت بێت، كە ھاوكارێكی باش بوونە و دوو وڵاتن كاریگەرییەكی زۆریان ھەبووە لە پشتگیریكردنی پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەھاناوەھاتنی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی كوردستان، داواشمان لە شاندەكەی سعوودیە كردووە لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا بن بۆ ھاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران".
kdp-
Top