دکتۆر رۆژ: دەبێت هەر لایەنێكی بەشدار پابەندی بەرنامەی حکوومەت بێت

دکتۆر رۆژ: دەبێت هەر لایەنێكی بەشدار پابەندی بەرنامەی حکوومەت بێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایدەگەێنێت، ئەوان سوورن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات پێشی وایە کاتی ئەوە هاتووە لایەنەکانی دیکە سەردانی پارتی بکەن، بەو پێیەی چەندین جار پارتی سەردانی لایەنەکانی لە سلێمانی کردووە.
 
دوای بەشداریکردنی لە کردنەوەی پێشانگەیەکی تایبەت بە چەک و تەقەمەنییەکانی داعش، دکتۆر رۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ راگەیاندنەکان، ئاماژەی بە سوور بوونی پارتی کرد، لەمەڕ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەویش بە بەشداری هەموو ئەو لایەنانەی، کە ئامادە بن پشتیوانی پێشخستنی کێشەی میللەت و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
 
ئەندام مەکتەب سیاسییەکەی پارتی، سەردانیکردنی شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی بە شتێکی ئاسایی ناوبرد، گوتیشی: "سلێمانی شاری خۆمانە و هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ هەولێر و دهۆکدا نییە، لای پارتی دیموکراتی کوردستان، سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانییە، شاری شێخ مەحموودی نەمرە، بارزانی نەمر ماوەیەکی زۆری لەو شارە بردووەتە سەر".
 
دکتۆر رۆژ ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان وەکو پارتی چەند جارێک چوونەتە سلێمانی بۆ لای برادەرانی یەکێتی و برادەرانی گۆڕان و حزبەکانی دیکە، پێشوابوو کاتی ئەوە هاتووە، کە ئەوانیش بێن و سەرێک لە پارتی بدەن.
 
سەبارەت بە دیاریکردنی وادەی پێکهێنانی کابینەی نوێش، جەختی لەوە کردەوە، کە دەکەوێتە سەر گفتوگۆکان و ناتواندرێت وادەیەکی دیاریکراوی بۆ دیاری بکرێت، سەبارەت بە بەشداری کردنی کۆمەڵی ئیسلامیش لە کابینەی نوێ، نەیشاردەوە، کە پارتی پێی خۆشە ئەوان بەشدار بن، بەڵام بەشداریکردنیش مەرجی خۆیی هەیە و دەبێت هەر لایەنێكى بەشدار دەبێت، پابەندی بەرنامەی حکوومەت بێت، نەک لە پەرلەمان بە جۆرێک بێت، لە حکوومەت بە شێوەیەکی دیکە، هاوکات لە دەرەوەش شێوازێکی دیکە بێت.
 
kdp-
Top