"كوردستان دەچێتە قۆناغێكی دیكەوە.. سەرەتایه‌كی نوێ دەستی پێ كردووە"

دوای رێككەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێم، پڕۆسەی سیاسی بەرەو سەقامگیری ھەنگاو دەنێت و ھەردوولاش كار بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەكەن، ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێ، چوار ساڵی داھاتوو، قۆناغی گەشەی ئابووری و سەقامگیریی سیاسی دەبێت.

رێككەوتنی پارتی و گۆڕان لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانن

كاروان ھاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی رێككەوتنی حزبەكەی لەگەڵ پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "ھەموو خاڵەكانی نێو رێككەوتنی پارتی و گۆڕان لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانن، ھیواش دەخوازین رێككەوتنی پارتی و گۆڕان ببێتە جێگەی متمانەی نێوان ھەموو لایەنە سیاسییەكان، چونكە رێككەوتنەكانی رابردوو بە ھۆی نەبوونی متمانەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا جێگەی خۆیان نەگرتووە، ئێمە ھیوادارین خاڵ بە خاڵی نێو رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت، چونكە لە چوار ساڵی رابردوودا بە ھۆی شەڕی داعش و ناسەقامگیریی سیاسی و قەیرانی داراییەوە، خەڵكی كوردستان ماندوو بووە، ئێمە ئەو رێككەوتنەمان كردووە بۆ ئەوەی ھەرێمی كوردستان گەشە بكات".

لای خۆشیەوە، نەدا مێرگەسۆری، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە بەغدا پێی وایە، رەوشی ھەرێمی كوردستان چیتر بەرگەی قەیرانی سیاسی ناگرێت و پێویستە لایەنە سیاسییەكان بگەنە رێككەوتن بۆ چارەكردنی كێشەكان و بەڕێوەبردنی ھەرێمی كوردستان، رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕانیش لە كاتی خۆیدا ئەنجام درا و قۆناغەكە ئەوە دەخوازێت بگەنە رێككەوتن، "ئەگەر بمانەوێ رەوشی ھەرێمی كوردستان بەرەو پێشتر بەرین، دەبێت رێككەوتنی دیكەش بكرێت لە نێوان ھەموو لایەنە سیاسییەكاندا، ئێستاش سەرەتای قۆناغێكی نوێ دەستی پێ كردووە، بزووتنەوەی گۆڕانیش دوای تێپەڕاندنی قۆناغی ئۆپۆزسیۆنبوون دەیەوێ بەشدار بێت لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا، بێگومان ئێمەیش وەك پارتی بە ھێزێكی گرینگی دەزانین".

ھەموو توانایەكەوە پشتیوانیی رێككەوتنی پارتی و گۆڕان دەكەین

ئەندامەكەی جڤاتی نیشتیمانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە لە جڤاتی نیشتیمانی بە ھەموو توانایەكەوە پشتیوانیی رێككەوتنی پارتی و گۆڕان دەكەین و ھەموو ھەوڵێكیش بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەدەین وەك خۆی، چونكە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی پارتی و گۆڕان، سوودمەندی یەكەم ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانن دواتر ھێز و لایەنە سیاسییەكان، لەبەر ئەوەش ئێمە وەك بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانی رێككەوتنەكەین، ئێمە لەگەڵ پارتییش ئەوەمان باس كردووە كە رێككەوتنەكە ببێتە بەردی بناغەی متمانەی نێوان لایەنەكان".

نەدا مێرگەسۆری زیاتر روونی كردەوە: "پارتی دیموكراتی كوردستان پلانی ئەوەی ھەیە حكوومەتێكی بەھێز پێك بێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەنگاوی جیددی و كردەیی ناوە، پارتی ھەم دركی بەوە كردووە رەوشی عێراق و ناوچەكە ناسكە و ھەمیش بۆ زیاتر سەقامگیری ئامادەی رێككەوتنە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا، بینیمان لە ئێستا و رابردووشدا پارتی بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك لە بەرژەوەندیی گشتی خەڵكی كوردستاندا، بەشی خۆیشی بە لایەنەكان بەخشیوە".
kdp-
Top