"داعشەکانی باغۆزی ڕۆژھەڵاتی فورات بژاردە دەکرێن"
شارۆچکەی باغۆز سەر بە پارێزگای دیرەزووری سووریایە و ھاوسنووریشە لەگەڵ عێراق. لە سەرەتای پەیدابوونی گرووپی تیرۆرستیی داعشەوە ناوچەکە بەتەواوەتی کەوتووەتە ژێر دەستی خەلافەتەکەی داعش. دکتۆر کاوە ئازیزی، شارەزای کاورباری سووریا ڕوونی کردەوە: "بەپێی ھەندێ پێشبینی نزیکەی ٥٠٠ چەکداری داعش لە ناوچەی باغۆز ماون و ھێشتا دەرنەچوونە، لە ناویاندا داعشی جیاواز ھەنە، واتە بەشێکیان خەڵکی ناوچەکەن، تەنانەت شیشانی و خەڵکی چەندین وڵاتی دیکەشیان تێدایە، بڕیاریان داوە تا دەکوژرێن شەڕ بکەن لەپێناو مانەوەی خۆیاندا."
سەرەڕای پاکردنەوەی ڕووبەڕێکی زۆری خاکی سووریا، بەڵام ھێشتا ڕۆژھەڵاتی فورات جمەی دێت لە داعش، چونکە ژمارەیەکی بەرچاوی چەکدارانی داعش دوای وەدەرنانیان لە ناوچەکانی دیکەی سووریا و بەشێکی خاکی عێراق خۆیان لە باغۆز حەشار داوە. دکتۆر کاوە ئازیزی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "داعش وەک ھێزێکی سەربازی بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام ئەو ڕاستییەش لای ھەموو لایەک ئاشکرایە کە داعش گرووپێکی سەربەخۆ نەبوو، دەستی خەڵکی بە مەستی جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی دیاریکراو تێدا ھەیە، ھاوکات ھەشن بۆ کوشتن و خۆتەقاندنەوە ئامادەن."
ئازیزی پێی وایە، بە ھۆی ھەبوونی ژمارەیەکی زۆری سڤیل لەناو باغۆزدا ھێدی ھێدی ناوچەکە بەجێ دێڵن بەرەو ناوچە و وڵاتانی دیکە و دەڵێت: "وا دەبینین ئێستا لە ڕۆژھەڵاتی فورات بژاردە دەکرێن، بەشێکیان بۆ تورکیا چوونە و بەشێکیش بۆ عێراق گەڕاونەتەوە، بەشێکیشیان لە لایەن ئەمەریکاوە ڕفێندراون، بەڵام ئەوانەی ماون و دەرنەچوون، خۆیان بۆ کوژران و خۆکوشتن ھێشتووەتەوە."
بەپێی سەرچاوەکانی ھەواڵ لە سووریا، بەشێکی زۆری چەکدارانی داعش لە سووریا ڕەوانەی عێراق کراونەتەوە، یان خۆیان دەرباز کردووە بۆ عێراق، ھاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەییی خۆی پێشان داوە بۆ وەرگرتنەوەی داعشە بەڕەگەز عێراقییەکان.
kdp-
