بابەکر زێباری: بەبێ پێشمەرگە ناوچە کوردستانییەکان سەقامیگر نابن
بابەكر زێباری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "زۆر گرنگە پەلە بكرێت لە دانوستانەكان بۆ ئەوەی ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بگەڕێنەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، چونكە ھێزی پێشمەرگە، ھێزێكی گەورە و بەتوانایە و شەڕێكی زۆری داعشی كردووە و تێكی شكاندوون و دەتوانن ناوچەكە بپارێزن و ئەزموونێكی باشیان ھەیە".
گوتیشی: "ئێستا حكوومەتی عێراق خەریكی كۆنتڕۆڵكردنی سنووری نێوان عێراق و سووریایە، چونكە داعش بە ھێزەوە دەیانەوێت لە سووریاوە بگەڕێنەوە بۆ عێراق، بە تایبەت بۆ ناوچەكانی مووسڵ و كەركووك و دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار، ڕاستە باس لە نەمانی داعش دەكرێت، بەڵام شەڕی پارتیزانی زۆر قورسترە لە شەڕی سەنگەرەكان و داعشیش ئێستا بە شێوەی پارتیزانی شەڕ دەكات، بۆیە داعش لە ھەموو شوێنێك ھەیە و دیاریش نییە، لەبەر ئەوە پێویستە حكوومەتی عێراق سوود لە تواناكانی پێشمەرگە وەربگرێت".
دەشڵێ: "ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان كە ناوچەی ھاوبەشن و دەكەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠، بەبێ پێشمەرگە پارێزراو نابن و زیانی زۆر بەو ناوچانە و خەڵكەكەش دەگات."
بە گوتەی بابەكر زێباری، پێویستە پەلە لە دانوستانەكاندا بكرێت و چەند دوا بكەوێت، زیانی زیاتری دەبێت و مەترسیی بۆ سەر ئەو ناوچانە دروست دەبێت.
سوپاسالاری پێشووی عێراق ڕاشیگەیاند: "ھەرێمی كوردستان توانیویەتی هێڵێكی بەرگریی باش بۆ ھەرێمی كوردستان دروست بكات و داعش ناتوانێ زەفەری پێ ببات، بەڵام ھەرێمی كوردستان خەمی ناوچە كوردستانییەكان و ھەموو عێراقیەتی بە گشتی و نایەوێت داعش جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ عێراق و دەیەوێت ڕێگریی لێ بكات."
ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئێستا دانوستان لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دەكرێت بۆ ئەوەی ھێزی ھاوبەش بگەڕێنەوە و جێگیر بكرێن، بۆیە دانوستان بەردەوامە و ئومێد دەكەین بە زووترین كات بگەنە ڕێككەوتن".
kdp-
