ڕێژەی تەڵاق لە سلێمانی سێ ھێندە زیادی کردووە
بەپێی ئامارەکەی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان، ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لە پارێزگای ھەولێر لە ساڵی ٢٠١٧دا دوو ھەزار و ٩٨٥ حاڵەت بووە، لە ساڵی ٢٠١٨دا بووە بە سێ ھەزار و ٥٩٨ حاڵەت و بەمەش ٦١٣ حاڵەت زیادی کردووە.
ھەر بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی ٢٠١٧ و لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا، دەووبەری ھەزار و ٣٦٠ حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ڕێژەکە بووە بە چوار ھەزار و ٨٥ حاڵەت و دوو ھەزار ٧٢٥ حاڵەت زیادی کردووە، لە پارێزگای دھۆکیش لە ساڵی ٢٠١٧دا ھەزار و ٣٨٤ حاڵەت بووە و لە ساڵی ٢٠١٨دا بووە بە ھەزار و ٥٠٩ حاڵەت، بەمەش ١٢٥ حاڵەت زیادی کردووە.
لە ئامارەکەی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان رێژەی ھاوسەرگیری و ڕەزامەندی بۆ ھێنانی ژنی دووەم لە ساڵی ٢٠١٨دا بەم شێوەیە بووە، ھاوسەرگیری لە پارێزگای ھەولێر ١٥ ھەزار و ٢٥ بووە، دەربارەی بە ڕێپێدان بە ژنھێنانی دووەم ٣٦ حاڵەت بووە، لە سلێمانی رێژەی ھاوسەرگیری ١٣ ھەزار و ٨٣٦ بووە، ڕێژەی ڕێپێدان بە ژنھێنانی دووەم ٤٨ حاڵەت بووە، لە پارێزگای دھۆکیش ھاوسەرگیری ١٠ و ٩٠٢ بووە، ڕێپێدان بۆ ژنھێنانی دووەم ٨٩ حاڵەت بووە.
بورھان عەلی، سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان، ڕايگەیاند: "بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەشێکی ھۆکارەکەی بۆ نەگونجان و قەیرانی دارایی دەگەڕێتەوە، بەڵام بەداخەوە بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە، لەگەڵ باشبوونی دۆخی داراییش، ڕێژەی تەڵاق لە سلێمانی زیادی کردووە".
روونیشی کردەوە، بەپێی ئەو ئامارانەی یەکێتیی پیاوان بەدواداچوونی بۆ کردووە، ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی تەڵاق لە ھەرێمی کوردستاندا لە ٣٩%ی دەگەڕێتەوە بۆ نەگونجانی ھەردوو ڕەگەز، ئیتر بە ھەر بیانوویەک بێت، لە ١٩%ی بۆ ماڵی جیا دەگەڕێتەوە، چونکە خانمان کاتێک ھاوسەرگیری دەکەن، حەز لە ماڵی جیا دەکەن، بەڵام ”زۆرجار پیاو ناتوانێ کرێ بدات و ماڵێکی سەربەخۆ بەیەکەوە بنێت، بێگومان ئەوەش شکست بە پرۆسەی ھاوسەرگیری دەھێنێت".
سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات: "لە ١٠%ی زیادبوونی تەڵاق بۆ ناپاکیی ھاوسەرگیری دەگەڕێتەوە، ھەر چەندە پێشتر پیاوان تۆمەتبار دەکران بە ناپاکیی ھاوسەرگیری، بەڵام ھەردوو ڕەگەز لەو بابەتەوە گلاون، خراپیی باری ئابووری و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی گەیاندن لە ١٩%ی تۆمار کردووە، ھێنانی ژنی دووەم و نەزۆکی و نەخۆشیی نێوان ھاوسەرەکان و جیاوازیی تەمەن لە نێوان ژن و مێرددا، لە ٨%ی تۆمار کردووە، ھۆکارەکانی تەڵاق بەم شێویە لەلای ئێمە دیاری کراون".
بورھان عەلی باسی لەوەش کرد کە بەشێک لە ھۆکارەکانی جیابوونەوەی ژن و مێرد، بۆ نەبوون یان لاوازیی ھۆشیاریی سێکسی دەگەڕێتەوە.
باسنيوز
