بەشیر حەداد: ئێستا پێگەی ھەرێمی کوردستان لە پێش ڕیفراندۆم بەھێزترە
دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە میانی سمینارێکیدا کە لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسی لە ھەولێر پێشکەشی کرد، دانی بەوەدا نا کە ھەرچەندە سەرەتا باوەڕی وابووە کە کارکردنی ئەوان وەکوو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا قورس دەبێت و ”پێیان دەگوتین ریفراندۆمچی و ئینفیساڵی“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئێستا ”ھەرێمی کوردستان لە پێش ڕیفراندۆم بەھێزترە و پێگەی ھەرێمی کوردستانیش لە پێگەکەی خۆی پێش ڕیفراندۆم بەھێزترە“.
بەشیر حەداد ئاشکرای کرد کە لە کاتی دەرکردنی یاسای بودجەدا پەرلەمانتارانی عەرەب و پێکھاتەکانی دیکە بە نوێنەرانی کوردیان گوتووە: ”ئێوە مردنتان نیشان داین تا بە (تا) ڕازی بین“.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەشیر حەداد جەختی کردەوە کە زیاتر لە ٥٠ ماددەی دەستووری عێراق جێبەجێ نەکراون و تەنیا کورد داوای جێبەجێکردنیان دەکات. گوتیشی: ”ئەو ماددانە ناویان نراوە ماددە کوردییەکانی دەستوور، لە کاتێکدا ئەگەر جێبەجێ بکرێن، ھەموو عێراقییەکان لێی سوودمەند دەبن“.
باسنيوز
