باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی نامەکەی شاڵاو عەلی عەسکەری پشتگوێ دەخات

باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی نامەکەی شاڵاو عەلی عەسکەری پشتگوێ دەخات
هەرچەندە شاڵاو عەلی عەسکەری لە نامەیەکدا داوای کردووە، پشتیوانی بکرێت بۆ ئەوەی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک کاندید بکرێت، بەڵام لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووی نێو یەکێتی و گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەری حزبەکەوە، بایەخ بە داواکارییەکەی نادرێت.

ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠١٩، شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە نامەیەکدا داوای لە مەڵبەندی کەرکووکی حزبەکەی کرد، پشتیوانی بکەن تاوەکوو بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک کاندید بکرێت. دواتریش ناوبراو ڕایگەیاند کە نامەکەی ڕاستە و خۆی بۆ پۆستەکە کاندید کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، باڵی کۆسرەت ڕەسووڵ و بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی یەکێتی، پشتیوانی لە کاندیدکردنی شاڵاو عەلی عەسکەری دەکەن و بە شایستەی دەزانن. هەر لەو چوارچێوەیەشدا مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، بە هەموو توانای خۆی پشتیوانی لە شاڵاو عەلی عەسکەری دەکات و بە کەسێکی شایستە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەسفی کرد.

لە بەرامبەردا، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی و گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هیچ بایەخێکیان بە داواکارییەکەی شاڵاو عەلی عەسکەری نەداوە و نەیانخستووەتە نێو کاندیدەکانی یەکێتییەوە. هەر بۆیە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠١٩، قادر عەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا) باسی لەوە کردووە کە هەریەک لە (ڕزگار عەلی، ڕەفعەت عەبدوڵا، ئاسۆ مامەند و خالید شوانی) کاندیدی یەکێتین بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک و هەوڵدەدەن پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر یەکێک لەو کاندیدانە ڕازی بێت.














باسنیوز
Top