رۆژ نووری شاوەیس: ئێمە چەند جارێک چووینە سلێمانی کاتی ئەوە هاتووە یەکێتیش بێتە هەولێر
دوابەدوای بەشداریکردنیان لە کردنەوەی پێشانگەیەکی تایبەت بە چەک و تەقەمەنییەکانی داعش، د. رۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی رەنجە جەمال پەیامنێری رووداو لەبارەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەوەی لێی دڵنیام جارێ هیچ مینێک دانەنراوە کە بتەقێتەوە، ئەگەر مینیش دابنرێت پارتی پووچەڵی دەکاتەوە. ئێمە سوورین لەسەر دروستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری هەموو لایەنێک کە ئامادەبێت وەکو براو پشت، پشتیوانی پێشخستنی کێشەی میللەتەکەمان و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بێت".
لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی و شاندی پارتی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتی، رۆژ نووری شاوەیس گوتی: "لە راستیدا من نەمبیستووە نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی بکات، سەردانی سلێمانی شتێکی ئاساییە، سلێمانی شاری خۆمانە، چ جیاوازییەکی لەگەڵ هەولێر و دهۆک نییە بە نسبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانییە، شاری شێخ مەحموودی نەمرە، بارزانی نەمر ماوەیەکی زۆری لە سلێمانی بردووەتەسەر، دۆست و لایەنگرانی پارتی لە سلێمانی لەژێر زەختێکی زۆر گەورەن، هێشتا هێزێکن کە حیسابێکی تەواویان بۆ دەکرێت".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت "ئێمە چەند جارێک چووینەتە سلێمانی بۆ لای برادەرانی یەکێتی، بۆ لای برادەرانی گۆڕان و حیزبەکانی دیکە، ئایا ئێستا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەوانیش بێن و سەرێکمان لێبدەن؟".
رۆژی 5ـی ئەم مانگە پارتی و یەکێتی رێککەوتن کە رۆژی 18ـی شوبات کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هەمان رۆژ بەڕێوەبچێت، بەڵام لەبارەی پرسی کەرکووک ناکۆکییان هەبوو، بەو هۆیەوە فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستانی نەکرد، کە تێیدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا و ئەوەش یەکێتی نیگەرانکرد.
رووداو
