ئەندامێكی لیژنەی یاسایی: یەكەم كارمان هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمە
پەرلەمانی كوردستان 18ی ئەم مانگە كۆ بووەوە و سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا. لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆشدا لیژنەی یاساییی پەرلەمان هەڵبژێردرا. خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "یەكەم كاری لیژنەی یاساییی پەرلەمانی كوردستان هەمواركردنەوە و كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمە. ئاخر لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هەڵپەسێردرا و وا داندرابوو كە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەم یاسایە هەموار بكرێتەوە و كارا بكرێتەوە."
پێوەست بە چۆنیەتیی هەمواركردنەوەی یاساكە ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ڕوونی كردەوە: "لە بڕگەیەكی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمدا وا هاتووە كە دەبێ سەرۆكی هەرێم لەناو گەل هەڵبژێردرێت، بەڵام دەستكاری دەكەین و سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان هەڵدەبژێرین تا هەرێم دەبێتە خاوەن دەستووری هەمیشەییی تایبەت بە خۆی."
خەدیجە عومەر ئاشكرایشی كرد: "كۆدەنگی و یەكهەڵوێستییەك هەیە لە نێوان سەرجەم فراكسیۆنەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، ئاخر پێشتر گفتوگۆی لەسەر كراوە."
kdp-
