بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەورووپا: لەگەڵ پەرلەمان و حکوومەت لەسەر هێڵ دەبین
ئەمڕۆ ڕێكەوتی ٢٦/٢/٢٠١٩، د. ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، لە نووسینگەی خۆی لە تەلاری پەرلەمان پێشوازیی لە خاتوو كلاریس پاستوری، بەرپرسی ئۆفیسی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارەكدا كلاریس پاستوری، بەرپرسی ئۆفیسی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونیان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و خۆشحاڵیی خۆی بە كاراكردنی پەرلەمان و بوونی ئافرەت لەو پۆستە سیادییانە لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و ڕیگەیاند: "خۆشحاڵین كە دەبینین پەرلەمانی كوردستان كارایە و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردراون و ئیستا دەست كراوە بە دانانی لیژنەكانی پەرلەمان و بوونی ئافرەت لە سەرۆكایەتیی پەرلەماندا گرینگە و نیشانەی یەكسانی و دیموكراسیی ئەم هەرێمەیە .
هەر لە دیدارەكەدا بەرپرسی ئوفیسی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە کە پشتیوان و هاوكار دەبن لە ئەزموونی دیموكراسیی هەرێمی كوردستان و پشتیوانی لە هەموو ڕێكارێكی دیموكراسییانە دەكەن بۆ ئیدارەدانی هەرێم و خزمەتی زیاتری خەڵك و ئەنجامدانی چاكسازیی گشتگیر و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵ دەبن .
دواتر د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی كلاریس پاستوری، بەرپرسی ئۆفیسی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان پوختەیەك لە ڕێكارە یاساییەكانی پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنەكان و دانانی لیژنەكانی پەرلەمان شی كردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، دەخوازین سەرجەم ڕیكارە یاساییەكان بە ڕێكکەوتنی فراكسیۆنەكان ئەنجام بدەین و ئێستاش چەندین پرۆژەیاسا لەبەردەستمانە و چەندین یاساش پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بێت."
لە كۆتاییی دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هیوای خواست یەكێتیی ئەورووپا هاوكار و هەماهەنگ بن لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان.
kdp-
