هۆشیار سیوەیلی: نیەتێکی باش لە بەغدا بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە

هۆشیار سیوەیلی: نیەتێکی باش لە بەغدا بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، گۆرانکارییەکی باش لە ھەڵوێستەکانی بەغدادا ڕووی داوە، بەتایبەت دوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق نیەتێکی زۆر باش ھەیە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بە پێی دەستوور و لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن و ھەرێمی کوردستان پشتگیری لەو ھەنگاوە دەکات.

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھۆشیار سیوەیلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامن بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەش نوێنەرایەتیی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە، ھەرچەندە بەشێکی زۆری وڵاتان کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی جیھانی ھەیە و کونسووڵخانەیان لە ھەرێم ھەیە، وەکو ئەمەریکا و ڕووسیا و چین و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و چەندین وڵاتی دیکەش کە ماون دوای ئەوەی کە ھەرێم بەرەو سەقامگیری دەچێت و شەڕی داعش نەماوە و بووژانەوەی ئابووریی ھەرێم دێتە ئاراوە، ئەوانیش بێن نوێنەرایەتیی خۆیان لە ھەرێم بکەنەوە."

ھۆشیار سیوەیلی  گوتیشی: "دوای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق گۆرانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی حکوومەتی عێراقدا ڕووی داوە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان، چونکە داواکاریی ھەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە ڕێز لە دەستوور و مافی ھەرێمی کوردستان بگرن و لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکرێن و ئەمە ھەڵوێستی کۆنی ئێمەیە، بەڵام ئێستا ھەڵوێستی بەغدا گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە و دەیانەوێت دەستوور جێبەجێ بکرێت و کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن."

سیوەیلی باسی لەوەش کرد: "ئێستا نیەتێکی باش لە لایەن بەغداوە ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەم کابینەیەی حکوومەتی عێراقدا، بەتایبەت لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە، ئەوەش لەسەر ئەوە دەمێنێت کە تا چەند لایەنە کاریگەرەکانی عێراق ڕێگەی پێ دەدەن بەرنامەکەی جێبەجێ بکات کە ئەو نیەتە باشەی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان ھەیەتی لە ڕووی عەمەلییەوە جێبەجێی بکات، بۆیە حکوومەتی ئێستا نیەتێکی باشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ھەیە."

سیوەیلی گوتیشی: "ھەموو ھاوکارییەک پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی بەرنامەی حکوومەی نوێی عێراق جێبەجێ بکرێت و ئێمە وەکو پارتی و شەخسی سەرۆک بارزانیش کە چووە بەغدا بۆ ئەوە بوو کە پشتگیری لە حکوومەتی نوێی عێراق بکرێت بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنەی بە ھەرێمی کوردستانیان داوە جێبەجێ بکرێت، بەتایبەت یاساکان و لە نێویشیاندا یاسای بوودجەی، بۆیە گەشبینین کە ئەمساڵ یاسای بوودجە جێبەجێ دەکرێت و پشکی ھەرێمیش ڕەوانە دەکرێت و سەرەتایەکی باش ھەیە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان."
kdp-
Top