وەزارەتی دەرەوەی ئێران: کۆمەڵێک لە ئێران سەرقاڵی نانەوەی ئاژاوە و پشێوین

وەزارەتی دەرەوەی ئێران: کۆمەڵێک لە ئێران سەرقاڵی نانەوەی ئاژاوە و پشێوین
پاش دەست لەکارکێشانەوەی محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتەبێژی ئەو وەزارەتە گوتی وا دیارە هەندێ لایەن لە ناوخۆی وڵات بەتەمای خەوشدارکردنی پێگەی وەزارەت و نانەوەی ئاژاوە و پشێوین.

بەپێی زانیاریی ماڵپەڕی (تەسنیم) ی سەر بە سوپای پاسداران، بەهرام قاسمی لەمبارەوە گوتی: "بەو پێیەی کە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە لە ئێستای ئێراندا ڕۆڵی سەرەکییان لە سیاسەتی دەرەوەدا هەیە، بۆیە کۆمەڵێک لایەن و دەست دەستیان کردووە بە پشێوی و خەریکن کەش و دۆخێک ئەخولقێنن کە بەرەو ئاژاوە و پشێوی ئەڕوات و هەواڵی ناڕاست لەبارەی دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری دەرەوە بڵاو دەکەنەوە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوەی باس دەکرێت کە محەمەد جەواد زەریف بە یەکجاری لەناو پێکهاتەی دەزگای دیپلۆماسی دەستی لەکار کێشابێتەوە و هۆیەکەشی کێشە و ناکۆکیی لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی لەبارەی ئەگەری کشانەوەی ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بێت، دوورە لە ڕاستییەوە".

بەهرام قاوسمی راشی گەیاندووە: "ئەو باند و دەستانە لەناو ئێران دەیانهەوێ بیروڕای خەڵک بەلاڕێدا ببەن و ئاژاوە بنێنەوە، بۆیە ئامانجدار هەندێ هەواڵ بڵاو دەکەنەوە کەلە بەرژەوەندیی هەندێ کەس دایە و لێی سوودمەند دەبن و دەیانهەوێ لەو ڕێگەیەوە دیسان بازار بشێوێنن و قازانج بکە".

شەوی رابردوو محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکی تویتەردا دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند و ئەمەش کاردانەوەی جۆراوجۆری ناوخۆیی و دەرەوەی ئێرانی لێ کەتەوە.

ئەمڕۆ لێژنەی سیاستەی دەرەوە و ئەمنیەتی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران لەمبارەوە کۆ دەبێتەوە و نزیکەی 30 پەرلەمانتاری ئێران داوایان لە حەسەن ڕۆحانی کردووە کە پاڵپشتی لە وەزیری دەرەوە بکات و داوای دەست لەکارکێسانەوەی قەبووڵ نەکات.










باسنيوز
Top