نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوکارییە بەردەوامەکانی فەرەنسا دەکات
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ سێشەممە 26-2-2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا کۆ بووەتەوە و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش یەکێک بووە لە تەوەرەکانی.
لەکۆبوونەوەکەدا، فرانسوا ئۆلاند باسی ئەجێندای سێیەم سەردانی خۆی و گرنگیی سەردانی یەکەمی، کە لە سەروبەندی هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەنجامی دا، کردووە.
سەرۆکی پێشووی فەرەنسا ستایشی حکوومەتی هەرێمیکوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە بۆ حەواندنەوەی ئاوارە عێراقییەکان، کە بەهۆی شەڕی دژی داعش و شەڕی گرووپە تائیفییەکانی عێراق، پەنایان بۆ هەرێی کوردستان هێناوە.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ”هاوکارییە بەردەوامەکانی کاتە سەختەکانی“ی فەرەنسای بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و جەختی لە رۆڵی گرنگی فەرەنسا لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە لابردنی ئابلووقهی سیاسی و دیپلۆماتیی سهر ههرێمی كوردستان، کردووتەوە.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، وڵاتانی دراوسێ لەسەر داوای عێراق کۆمەڵێک ئابڵوقەی ئابووری و سیاسییان بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاند، بەڵام فەرەنسا رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە شکاندنی ئەو ئابلوقانە و دەرگای بەڕووی کوردستاندا کردەوە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 25-2-2019، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا (2012- 2017) بە سەردانێک گەیشتەوە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
پێشتر لە مانگی ئەیلوولی 2014 و هاوکات لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، فرانسوا ئۆلاند وەک یەکەم سەرۆکی وڵاتان بە فەرمی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
فرانسوا ئۆلاند لە رۆژی 2-1-2017، دووەم سەردانی خۆی وەک سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەولێر ئەنجام دا و جەختی لە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە.
لەسەردەمی شۆڕشی رزگاریخوازی ئەیلوولەوە، گەل و حکوومەتی فەرەنسا پاڵپشتیی گەلی کوردستان دەکەن و لە شەڕی دژی داعشیشدا، بە ناردنی راوێژکاری سەربازی، مەشقکردن بە پێشمەرگە و بۆردومانکردنی ئاسمانیی بنکە و بارەگاکانی داعش، هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کرد.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور لە مانگی 8ـی 2014، فەرەنسا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ئەوروپی و ئەمریکی، بە ناردنی چەک و تەقەمەنی و راوێژکاری سەربازی بۆ مەشقکردن بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز
