گۆڕان: کەسانێک خەون بە تێکدانی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی دەبینن

گۆڕان: کەسانێک خەون بە تێکدانی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی دەبینن
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان باس لە رێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەکەی دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەونی تێکدانی ئەو ڕیککەوتنەکە ”نەزۆکە“.

ئەمیری حاجی کەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕای گەیاند: "کوردستان بە قۆناغی زۆر ناخۆشدا تێپەریوە کە نەبوونی متمانە و گرفتی سیاسی، سەرباری ھەموو گرفتەکان بووە، ئێستاش رێککەوتن لەنێوان پارتی و گۆڕان کراوە، ھیوادارین ئەم رێککەوتنە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێت و ھەردوولامان بەردێک لەسەر بەردێک دابنێین“.

ڕوونیشی کردەوە کە جگە لەو پلە و پۆستانەی لە حکوومەت بۆ گۆڕان دانراوە، پرۆژەیەکی سیاسییان ھەیە کە بە گوتەی ئەو، لە بەرژەوەندیی خەڵکدایە. گوتیشی: ”کاتی ئەوە ھاتووە پارتی و یەکێتی و ھێزەکانی دیکە، دەست بکەنە ناو دەستی یەکتری و قۆناغی کۆن تێپەرێنین، شەری ناوخۆمان تاقیکردەوە، شەڕی راگەیاندن و داخستنی پەرلەمان تاقیکرایەوە و ١٦ی ئۆکتۆبەر و شەڕی داعش رووی دا، ئەمانە قۆناغێک بوون و تێپەرین، ئێستاش کاتی ئەوە ھاتووە لاپەرەیەکی نوێ بکرێتەوە".

هیواشی خواست کە پارتی و گۆڕان ”رێککەوتنەکە وەک خۆی“ جێبەجێ بکەن، چونکە بەجێبەجێکردنی، دۆخەکە بەشێوەیەکی دیکە دەگۆڕێت و ”چاوەڕوان دەکەین ئەم بەھارە ببێتە جێی ئومێدی خەڵک".

سەرکردەکەی گۆڕان نەیشاردەوە کە کەسانێک هەن، خەون بە تێکدانی ڕێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕانەوە دەبینن، لەمبارەیەشەوە گوتی: ”ھیوادارین ئەو خەونە نەزۆک بێت و نەزۆکیش دەبێت، چونکە رێککەوتن لەگەڵ لایەنێکی ناوخۆی کوردستان کراوە“.













باسنیوز
Top