پێش ڕێککەوتن لەسەر کابینەی حکوومەت خەڵکێکی زۆر هەوڵی گەیشتن بە پۆستەکان دەدەن
محەمەد حاجی کەریم، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە وتارێکیدا کە بە ناونیشانی (کێبڕکێی وەرگرتنی پلە و پۆست) لە ماڵپەڕی (کوردستان ٢٤)دا بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، ھێشتا بە تەواوی حزبەکان لەسەر کارنامە و پێکھاتەی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھیەرێمی کوردستان رێکنەکەوتوون، بازاڕی بانگەشەی وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیاریەتی گەرموگوڕییەکی زۆری تێکەوتووە.
ڕوونیشی کردووەتەوە: ”خەڵکی وا ھەیە ناوی لە کولەکەی تەڕیش نەبوو، کەچی لە رێی سۆشیال میدیا، یان پەیجێکی ساختەوە زۆر بە فراوانی بانگەشەی وەرگرتنی پۆستێکی باڵا، یان وەزیری دەکا، ئینجا ئەوانەی چاویان بڕیووەتە پۆستی بریکاری وەزیر و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی، ھەر لە ژمارە نایەن“.
هاوکات پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئاخۆ ”هەڵپە“ی وەرگرتنی پۆستێکی گشتی لە دەرەوەی ماف و لۆژیک، بۆ خزمەت و لە دڵسۆزیی نیشتمانە، یان کێبەرکێیە بۆ گەیشتن بە پاروویەکی چەور؟
ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە ”رەوایە، ئارەزوو بکەین باش بژین و منەتباری دەستی کەس نەبین. ئەگەر ھەوڵدان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی و چوونە پێشەوە، بۆ ئەوە بێت، لە رووی کەسایەتی و گوزەرانەوە، ژیان و دواڕۆژت باشتر بێت، رێی تێدەچێت و ھەڵەیەکت نەکردووە، بەڵام ئەگەر مەبەستت ئەوە بێت پێگە و پۆستی گشتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆت بقۆزیەوە و سەربکێشیت بۆ گەندەڵی، ئەوە تاوانێکە دەیکەیت بەرانبەر خوا و خاک و نیشتمان“.
محەمەد حاجی کەریم پێیوایە کە ”ھەڵەیەکی گەورەیە“، ئەگەر پۆست و بەرپرسیاریەتی لەسەر بنەمای سۆز و خزمایەتی و بەرژەوەندیی کەسی، بێ ھەڵسەنگاندن و وردبوونەوەی جددی لە رابردووی ئەو کەسە، ببەخشرێت. ئەوەش ناشارێتەوە کە خەڵکی وا ھەیە، بەرپرسی دەزگا یان فەرمانگەیەکی حکوومییە، ئەوەی لە بەردەستیەتی کەم یان زۆر، لە دەرەوەی ھەموو بەھا و مۆڕاڵێک، مامەڵەی پێدەکات، تەنانەت پاسەوان و کارگوزارەکانی فەرمانگەکەشی، خستوونەتە خزمەت ماڵ و ژن و منداڵ و کەسوکاری، کەچی شەو و رۆژ بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەو کابینەیە دەبێتە وەزیر. دەشڵێت: ”خەڵکێکی سادە و بێ ئاگاش، یان ئەوانەی لە سێبەر دەخۆن، دەھۆڵی بۆ دەکوتن“.
ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووسە لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە قسەکانی ناکرێت گشتاندنی بۆ بکرێت و هەموو ئەوانەی چاویان لە وەرگرتنی پۆستی گشتییە و کاری بۆ دەکەن، بە یەک چاو ببینرێن.
باسنیوز
