بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی خورماتوو ئەمڕۆ پێكهاتەكان كۆ دەبنەوە
دوای پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش و هاتنی گرووپ و تاقمەكانی حەشدی شەعبی بۆ شاری خورماتوو، بە هۆی ڕەفتارەكانی حەشدی شەعبییەوە پێكەوەژیان لە شارەكەدا بوونی نەما و شەڕی نێوان پێكهاتەكان دەستی پێكرد. لە ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەریشدا، هێرش كرایە سەر كوردەكانی شارەكە و ماڵ و سامانیان بردرا، كە تا ئێستاش شارەكە لە ڕەوشێكی زۆر خراپدایە.
ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەكی ئاشتەوایی لە شاری خورماتوو پێك هێندراوە بە بەشداریی پێكهاتەكانی كورد و عەرەب و توركمانی شارەكە و حكوومەتی عێراق، كە بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوە بكەن."
پەیوەست بە ئامانجەكانی پێكهێنانی ئەم لیژنەیە، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی ڕایگەیاند: "ئەم لیژنەیە كار بۆ لێكنزیكبوونەوەی پێكهاتەكانی شارەكە دەكات تا برایەتی و یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیان بۆ شارەكە بگەڕێتەوە، هەروەها كۆتایی بەو ڕق و كینەیە بێت كە لە نێوان پێكهاتەكاندا دروست بووە، بۆیە بڕیارە حكوومەت بەرنامەی خۆی داڕێژێ و ئەمنییەت بۆ شار بگەڕێندرێتەوە."
kdp-
