نامەكەی سەرۆك بارزانی ئومێدی بۆ خەڵك گەڕاندەوە

نامەكەی سەرۆك بارزانی ئومێدی بۆ خەڵك گەڕاندەوە
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، نامەی سەرۆك بارزانی بۆ یەكێتی، ئومێدی بۆ خەڵك گەڕاندەوە و بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا پارتی و یەكێتی بگەنە رێككەوتن.

 دكتۆر عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد: "كاتێك ئاڵۆزی دەكەوێتە نێوان پارتی و یەكێتییەوە، كاریگەری لەسەر بوارەكانی دیكە دەبێت، لەبەر ئەوەش بە ھۆی ناكۆكیی پارتی و یەكێتی لەسەر كۆبوونەوەی رۆژی ١٨ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان، خەریك بوو بێئومێدییەك پەیدا ببێت لەنێو خەڵكی ھەرێمی كوردستاندا، بەڵام نامەكەی سەرۆك بارزانی بۆ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئەو نیگەرانییەی لای ھاووڵاتیان رەواندەوە، چونكە خەڵك پێی وا بوو رەوشەكە ئاڵۆزتر دەبێت".

سەرۆكی پێشووی فڕاكسیۆنی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "تا حكوومەتێكی بەھێز لە ھەرێمی كوردستان پێك بێت، پارتی داوای لە ھەموو لایەنە سیاسییەكان كردووە بەشداری لە كابینەی حكوومەتدا بكەن".

دكتۆر عەرەفات كەرەم ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆسرەت رەسووڵ عەلی و یەكێتی بە گشتی، پەیامێكی گرینگ و لە كاتی خۆیدا بوو، وەڵامی كاك كۆسرەتیش بەرپرسیارەتی تێدا بوو، ئەمەش دەبێتە ھەنگاوێك بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە پێكھێنانی كابینەی نوێ، لەبەر ئەوەی ھەموو كێشەكان تەنیا بە دانوستان چارە دەكرێن".

لەبارەی كۆبونەوەی پارتی و یەكێتییەوە، دكتۆر عەرەفات گوتی: "لەم هەفتەیەدا پارتی و یەكێتی دەگەنە چارەسەرێك بۆ پێكھێنانی حكوومەت و چارەكردنی ناكۆكیی نێوانیان ".
kdp-
Top