وەزارەتی پلاندانان: ئامادەكاریی تەواومان كردووە.. هەلی كار بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێت

وەزارەتی پلاندانان: ئامادەكاریی تەواومان كردووە.. هەلی كار بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێت
بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكان لە وەزارەتی پلاندانان رایدەگەیەنێت، دوای پەسەندكردنی یاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕی 1.5 ترلیۆن دینار بۆ پڕۆژەكان تەرخان كراوە ده‌شڵێ، وەك وەزارەت لە بەشی پڕۆژەكان ئامادەكاریی تەواومان كردووە

زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكان لە وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند، دوای پەسەندكردنی یاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕی 1.5 ترلیۆن دینار بۆ پڕۆژەكان تەرخان كراوە، پڕۆژەكانیش هەمووی وەبەرهێنانە كە بە پێی یاسا‌ی بودجە ئەو بڕەپارەیە ‌ بۆ پڕۆژەكان داندراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەو بڕەپارەیە دابەش كراوە بۆ پڕۆژەكانی وەزارەت و پڕۆژەی پارێزگاكان‌، ئەو پڕۆژانەی كە پارەشیان بۆ دانراوە، ئەوانەن‌ كە لە ساڵانی رابردوودا گرێبەستیان هەبووە، بەڵام تەواو نەبوون بە هۆی قەیرانی داراییەوە، وەك وەزارەتی پلاندانانیش لە بەشی پڕۆژەكان ئامادەكاریی تەواومان كردووە".

فەتاح ڕاشیگەیاند: "ئەگەر ئەو بڕەپارەیە لە بەغداوە بێت، ئێمە دەتوانین تەرخانی بكەین بۆ ئەو پڕۆژانەی كە تەواو نەبوون و بتوانین تەواویان بكەین، ناوبراو ئەو پڕۆژانەی كە باسی كردن، پڕۆژەی زۆر ستراتیژین و ئەگەر بخرێنە واری جێبەجێكردنەوە، ئەوا ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبووژێتەوە، كە پڕۆژەكانیش بریتین لە‌ پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ،‌ گەیاندنی كارەبا،‌ پەروەردە، دروستكردنی قوتابخانە، رێگاوبانن،‌ جگە لەوانەش دروستكردنی سایلۆی تێدایە، كەرتی كشتوكاڵ، تەندروستی و ‌هەروەها دروستكردنی بەنداویشی تێدایە.

ئاماژەی بەوەش دا، بە ناردنی ئەو پارەیە، رێژەیەكی زۆر باش لە پڕۆژەكان تەواو دەكرێن، چونكە ناوبراو پێی وایە، بە خەرجكردنی ئەو پارەیە بۆ ئەو پڕۆژانە، ئابووریی كوردستان گەشە دەسەنێت، یەكێك لە خاڵە گرینگەكانیش، هەلی كار دەدۆزرێتەوە لە كەرتی تایبەتدا، بەڵێندەرەكانیش دەتوانن بووژانەوەیەكی باش لە سێكتەری وەبەرهێناندا دروست بكەن.
kdp-
Top