یوئێن خوازیارە بە زوویی ڕێککەوتن بۆ کابینەی نوێی حکوومەت بکرێت

یوئێن خوازیارە بە زوویی ڕێککەوتن بۆ کابینەی نوێی حکوومەت بکرێت
ئەمڕۆ یەكشەممە، ڕێكەوتی ٢٤/٢/٢٠١٩، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە ڕێكاردۆ ڕۆدرێگیس، بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا ڕێكاردۆ ڕۆدرێگیس، بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان وێرای پیرۆزباییی دەستبەركاربوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، هیوای خواست ڕێوشوێنە دیموكراتییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت بگیرێتەبەر و پەلە بكرێت لە ڕێکكەوتن.

هەرلە دیدارەكەدا ڕێكاردۆ ڕۆدرێگیس دەستخۆشیی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ داڵدەدانی ئاوارە و پەنابەران كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا وێرای شەڕی داعش و قەیرانی دارایی بەوپەڕی دڵگەرمییەوە پێشوازییان لێ كرا.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش وێرای بەخێرهێنانی ڕێكاردۆ ڕۆدرێگیس، بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان، پوختەیەك لە باردۆخی سیاسی و ئابووری و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی بۆ شاندی میوان شی كردەوە .

هەر لە كۆبوونەوەكەدا هێمن هەورامی دەربارەی بارودۆخی كەركووك ڕایگەیاند: هەرێمی كوردستان دەخوازێت بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و ئەو هێزە سەربازییە جۆراوجۆرانەی كە ئێستا لە كەركووك هەن، نەمێنن و  هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێتەوە كەركووك و پارێزگاری لە كەركووك و دەورووبەری بكەن. هەروەها بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق چارەنووسی ئەو ناوچانە یەكلا بكرێتەوە.
kdp-
Top