یوئێن خوازیارە بە زوویی ڕێککەوتن بۆ کابینەی نوێی حکوومەت بکرێت
لە دیدارێكدا ڕێكاردۆ ڕۆدرێگیس، بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان وێرای پیرۆزباییی دەستبەركاربوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، هیوای خواست ڕێوشوێنە دیموكراتییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت بگیرێتەبەر و پەلە بكرێت لە ڕێکكەوتن.
هەرلە دیدارەكەدا ڕێكاردۆ ڕۆدرێگیس دەستخۆشیی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ داڵدەدانی ئاوارە و پەنابەران كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا وێرای شەڕی داعش و قەیرانی دارایی بەوپەڕی دڵگەرمییەوە پێشوازییان لێ كرا.
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش وێرای بەخێرهێنانی ڕێكاردۆ ڕۆدرێگیس، بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان، پوختەیەك لە باردۆخی سیاسی و ئابووری و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی بۆ شاندی میوان شی كردەوە .
هەر لە كۆبوونەوەكەدا هێمن هەورامی دەربارەی بارودۆخی كەركووك ڕایگەیاند: هەرێمی كوردستان دەخوازێت بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و ئەو هێزە سەربازییە جۆراوجۆرانەی كە ئێستا لە كەركووك هەن، نەمێنن و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێتەوە كەركووك و پارێزگاری لە كەركووك و دەورووبەری بكەن. هەروەها بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق چارەنووسی ئەو ناوچانە یەكلا بكرێتەوە.
kdp-
