مەسعوود حەیدەر زانیاری دەربارەی بوودجە دەخاتە ڕوو
لەمبارەیەوە مەسعوود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی داراییی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: "ئەو گۆڕانکارییەی پەرلەمانی عێراق لە بڕگەی ج لە ماددەی ١٠ی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ ئەنجامی دا و گۆڕانکاریی لە پشکی پەرەپێدانی ھەرێمەکان و تەرخانکردنی سێ ترلیۆن دینار بۆ یەدەگی فریاکەوتن، ھەموو ئەمانە بوونە ھۆی گۆڕانکاری لە پشکی ھەرێمیش، بەپێی میكانزمی شیكردنەوەی بڕگەی ج لە ماددەی ١٠ی یاساكە و بەدەر لە پشکی پێشمەرگە، بوودجەی خەمڵێنراوی ھەرێم نزیکەی ١٠ ترلیۆن دینارە و لەو بڕەش پێنج ترلیۆن و ٤٤٨ ملیار دینار مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمە، ئەوەی تریش بوودجەی بەکاربەر و بەرھەمھێنانە کە نزیکەی چوار ترلیۆن و نیوە."
ناوبراو ئەوەش دەخاتە ڕوو: "بۆ حسابكردنی ئەو زیانانەی لە یاساکەدا ئاماژەیان پێ کراوە، دەبی نرخی بەرھەمھێنانی نەوت دەربھێنرێت لە نرخی نەوتی خەمڵێنراو لە یاساکەدا و ئەوكات بڕی پارەكە دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت، ٤٥٤ ملیار دینار مووچە و ٦٨ ملیار دینار پشکی پێشمەرگە و ٣٧ ملیار دینار پەرەپێدانی ھەرێمەکان و ٢٩ ملیار دینار وەبەرھێنان و تەمویلی پرۆژەکان لە قەرز. کۆی گشتیی ئەمە دەکاتە ٥٨٨ ملیار دینار مانگانە."
kdp-
