هەوڵی چەند حزبێکی لە دژی ڕێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕان ئاشکرا دەکرێت

هەوڵی چەند حزبێکی لە دژی ڕێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕان ئاشکرا دەکرێت
هەڵسووڕاوێکی دیاری گۆڕان کە پلەی ڕاوێژکاری لە لایەن سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان پێ دراوە، ئاشکرای کرد کە چەند حزبێک هەوڵێکیان لە دژی ڕێککەوتنەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و گۆڕان خستووەتە گەڕ.

مەجید ساڵح، هەڵسووڕاوی گۆڕان و ڕاوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسینێکی بەناوی (شێوازی پەلامارەکەیان گۆڕی) بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد، لەدوای ڕێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕان، ”یەکێتی و جەماعەتەکەی نەوەی نوێ، هەرچی نووسەر و مووسەری خۆیان هەبوو، ڕایانسپاردن لە کەناڵ و میدیا سێبەرەکانیان دژی ڕێککەوتنەکە بنووسن، چییان پێ کرا درێغیین نەکرد، سایتی وا هەیە لە سەعاتێکدا هەشت وتاری لەسەر یەک لە دژی ڕێککەوتنەکە دابەزاند و کەناڵی وا هەبوو ٢٤ سەعاتەکەی بۆ دژایەتیکردنی گۆڕان تەرخان کرد“.

ئەو هەڵسووڕاوەی گۆڕان نەیشاردووەتەوە کە ئەوانەی هەوڵەکەیان داوە، پاش ئەوەی زانیویانە خەڵک ڕێککەوتنەکەی بە دڵە، ”لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەوەی کە گوایە پارتی لە پێدانی پۆستەکان بە گۆڕان پەشیمان بووەتەوە، دەیانەوێ دوو دڵی و گێرەشێوێنی درووست بکەن“.

ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە ”گۆڕان باکی بە پۆستەکان نییەوە، لە دەقی رێکەوتنەکەشدا ھەر باسی پۆست نەکراوە“. بەڵکوو بەلایانەوە گرنگە کە خواستەکانیان لە کارنامەی حکوومەتدا جێ بکرێتەوە. لە کۆتاییشدا دەڵێت: ”چاوەڕێی ڤێرژنی سێیەمی دژایەتی کردنی گۆڕان بن“.











باسنيوز
Top