وەزارەتی ناوخۆ: تائێستا زیاتر لە ١٣ هەزار چەک لەنێو بردراون
د. سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، هەڵمەتی چەکە بێمۆڵەتەکان لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە و ماوەی ٦ مانگ دراوەتە خەڵکی تاوەکوو ئەو چەکانەی هەیانە، تۆماری بکەن، بە پێچەوانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، پۆلێن دەکرێن و هەر پارچە چەکێک بە کەڵک نەیەت، لەناو دەبرێت، ئەوانەشی کە بە کەڵک دێن، بەسەر هێزەکانی ناوخۆدا دابەش دەکرێن.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی شوباتی ٢٠١٩، سێ هەزار و ٥٠٠ پارچە چەک لەنێو براون کە سەرجەمیان بێمۆڵەت بوون و دەستیان بەسەردا گیرابوو. پێشتریش ١٠ هەزار پارچە چەکی دیکە بە دوو قۆناغ لەنێو براون کە سەرجەمیان دەکاتە زیاتر لە ١٣ هەزار و ٥٠٠ پارچە چەک.
بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جگە لە چەکی کلاشینکۆف و دەمانچە، سەرجەم چەکە مامناوەندی و قورسەکانی دیکە لە دەستی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا دەبێت ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆ بکرێتەوە و چەکەکانی (کلاشینکۆف و دەمانچە)ش دەبێت لە ماوەی ٦ مانگدا تۆمار بکرێن، بەدەر لەو ماوەیە، چەکەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
باسنیوز
