بنەماڵەی سێوان قادر داوایەک ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان دەکەن

بنەماڵەی سێوان قادر داوایەک ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان دەکەن
بنەماڵەی ئەو دایک و سێ منداڵەی لە شاری چەمچەماڵی سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەست دا، داوایەک ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان دەکەن.



بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، ماوەیەک لەمەوبەر، بنەماڵەی سێوان قادر، داوایان لە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان کردووە، دۆسیەی سێوان قادر لە دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی بگوازرێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، داواکارییەکە لە کۆتایی مانگی ١ی ٢٠١٩ لە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان کراوە و پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەمبارەیەوە بدرێت بە گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای سلێمانی، یان هێشتنەوەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ.


کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی شەوی ١٦ی ١٢ی ٢٠١٨، ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە چەمچەماڵ ڕووی دا و لە ئەنجامدا دەست بەجێ سێ منداڵ گیانیان لەدەست دا و دایکیشیان بە سەختی بریندار بوو، هەر بەو هۆیەشەوە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ١٢ی ٢٠١٨ لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی گیانی لەدەست دا. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەش، نیگەرانییەکی تەواو خەڵکی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بەڕادەیەک کە بەشێکیان هاوسەری سێوان قادریان لەم بابەتە بە تۆمەتبار دەزانی و بەشێکیشیان بەپێچەوانەوە بەرگرییان لە هاوسەرەکە دەکرد.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦/١٢/٢٠١٨، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ڕایگەیاند: "ھاوسەری سێوان قادر و ئافرەتێک بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کراون". بەڵام دواتر میدیاکان بڵاویان کردەوە کە ئەو ئافرەتەی لەو دۆسیەیە دەستگیر کرابوو، بە بڕیاری دادوەر ئازاد کراوە.











باسنیوز
Top