گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان : کەرکووک تەنیا موڵکی لایەنێک نییە، بەڵکوو موڵکی هەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستانە

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان :  کەرکووک تەنیا موڵکی لایەنێک نییە، بەڵکوو موڵکی هەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستانە
گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، خاڵی ناکۆکی نێوان حزبەکەی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەی پرسی کەرکووک ئاشکرا کرد.



لە چاوپێکەوتنێکیدا کە ناوەڕۆکەکەی لە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی بڵاو کراوەتەوە، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی رای گەیاندووە، پارتی و یەکێتی لەبارەی کەرکووک لە هەموو خاڵەکان کۆک بوون، تەنیا یەک خاڵ نەبێت.



ڕوونیشی کردووەتەوە کە لەسەر ئەو خاڵە جیاوازییان هەبووە و ئاشکرای کرد: ”ئێمە گوتمان کەرکووک و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ ئاسایی بکرێنەوە و رێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکەین دواتر پارێزگار ھەڵبژێرین، بەڵام یەکێتی زیاتر ئەولەویەتی ئیشەکانیان ئەوە بوو کە پارێزگارێک دابنرێت بۆ کەرکووک و دواتر ئاسایی کردنەوە و کارەکانی دیکە بخرێنەوە قۆناغێکی دیکەوە“.



گوتەبێژی فەرمیی پارتی دووپاتی کردووەتەوە کە کەرکووک تەنیا موڵکی لایەنێک نییە، بەڵکوو موڵکی هەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستانە. دەشڵێت: ”ئەندامانی پارتی بۆ کۆبوونەوەی ١٨ی شوباتی ٢٠١٩ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ١٢ واژوویان کۆکردەوە، بەڵام برادەرانی یەکێتی تەنیا دوو واژووشیان نەھێنا بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنە لە کاتێکدا ئەنجومەنەکە لە پشوودا بوو، تا بتوانێت کۆبوونەوە بکات“.



باسنیوز
Top