ئەمڕۆ 28مین ساڵڤەگەرێ کۆچی دوایی مامۆستا هەژارە

ئەمڕۆ 28مین ساڵڤەگەرێ کۆچی دوایی مامۆستا هەژارە
بیست و هه‌شت ساڵ لەمەوپێش و ڕێکەوتی 21ی فێڤریڤەری ساڵی 1989ی زایینی (٣ی ڕەشەممەی ساڵی 1368ی هەتاوی) مامۆستا هەژار، نووسەر و زمانەوان و وەرگێڕی ناسراوی کورد لە تەمەنی 68 ساڵیدا پاش تەمەنێک خزمەت بە زمان و ئەدەبی کوردی، کۆچی دوایی کرد.
 
عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە (ھەژار) ١٣ی نیسانی ١٩٢١ لە گوندێکی سەر بە شاری مەھاباد لەدایک بووە، یەکێکە لە نووسەرە ھەرە گەورە، ھەڵبەستوان، و وەرگێڕە ناسراوەکانی کورد و خاوەنی ژمارەیەکی زۆر بەرھەمی ئەدەبیی شاکار و شوێندانەرە.
 
«عەبدولڕەحمانی شەرەفکەندی» کوڕی حاجی مەلا محەممەد بووە و لە ساڵی ١٩٢١دا لە مەھاباد لە دایک بووە و بە لاویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونەتە گوندی تەرەغە. لە ساڵانی سەرەتایی ژیاندا لەلای باوکیدا و دواتر لە مەکتەبخانەکاندا و لەلای چەند کەس لە مامۆستا ئایینییەکان، دەرسی گولستان و بووستانی سەعدی خوێندوە، بەڵام بە پێی ئەو شتەی کە لە چێشتی مجێوردا باسی دەکات، دەسکەوتێکی زۆر کەمی بووە. باوکی ھەژار کەسایەتییەکی خوێندەوار بووە و زانیویەتی بە کوردی بخوێنێت و بنووسێت، ھەر ئەمەش ھانی داوە کە کوڕەکەی (ھەژار) ھەر لە تەمەنی پێنج ساڵانەوە ئاشنا بە خوێندنەوە و نووسین بکات و دواتریش بینێرێتە مەکتەب و حوجرە. لە ساڵی ١٩٤٠ دەستی بە ھۆنراوە گوتن کردووە و ھۆنراوەکانی ئەحمەدی خانی، وەفایی و مەلای جزیری کاریگەری لەسەر ھەستی بووە.
 
ھەژار ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ.ک) تێیدا ئەندام بووە و بەشداری کارە حیزبییەکانی کردووە. ئەو بڕوایەکی زۆر بە تینی بە ئامانجەکانی ژ. ک. هەبووە چون لە دوای ئەو ھیچ کات لە ھیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام. ھەژار لە کۆماری کوردستاندا دەوری ھەبووە و لەگەڵ ھێمن لە لایەن کۆماری کوردستان و بەتایبەت پێشەوای نەمرەوە نازناوی «شاعیری میللی»یان پێ بەبخشراوە. دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان، لە ئازاری ١٩٤٧دا مەجبوور بە جێ‌ھێشتنی وڵاتی ئەبێ و ماوەی ٣٠ ساڵ لە باشووری کوردستان و دواییش لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە.
 
لە پایزی ١٩٤٧ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی، دەچێتە لوبنان و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێتەوە عێراق، پاشان جارێکی تر لە حوکومەتی ئەوسای عێراق قاچاخ دەبێ، بەرەو سووریا ڕادەکات، و ماوەیەک لە سووریا دەمێنێتەوە دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی و لە ساڵی ١٩٦١دا، ھەژار دەچێتە پاڵ شۆڕشەکە. کاتێک ڕێککەوتتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لە نێوانی سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکوومەتی عێراق مۆر کرا، ناردرا بەغدا بۆ ڕێکخستنی کاروباری یەکێتی نووسەرانی کورد کە تازە لە ١٠ی شوباتی ١٩٧٠دا دامەزرا بوو، لە کۆنگرەکەی ئەو یەکێتییە بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەر ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتیشدا کرا بە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کورد و توانی لە ساڵی ١٩٧٢دا پەرتووکی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی لە فارسییەوە بکاتە کوردی و لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپی بکات.
 
لە دوای بە ئاکام نەگەشتنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥دا ڕۆیشتە شاری کەرەجی ئێران و تا کۆتایی ژیانی (ساڵی ١٩٩١) لەوێ مایەوە. ھەژار لە ژیانیدا گەلێ تاڵی و ئاوارەیی کێشاوە. دوای مردنی تەرمەکەی بەرەو موکریان ھێندراوە و لە گۆڕستان (سپی) ی شاری مەھاباد نیژرا.
 
بەیتی سەرە مەڕ، لە ١٩٥٧ لە شام چاپی کردووە
 
چێشتی مجێور، یادداشتەکانی خۆیەتی
 
ئاڵە کۆک، دیوانی شیعری سەردەمی کۆمارە
 
بەیتی سەرە مەڕ، چیرۆکە شێعرێکی درێژە؛ ماکەکەی لە چیرۆکێکی کورتی سەباحەدین عەلی، نووسەری تورک وەرگرتووە.
 
مەم و زین، ھەر بە ھۆنراوە لە کرمانجییەوه‌ کردوویە بە سۆرانی
 
بۆ کوردستان، دیوانی ھەژار، ١٩٦٥
 
شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی، لە فارسییەوە بۆ کوردی
 
چوارینەکانی خەیام. لە فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
 
مێژووی ئەردەڵان، گردوکۆ و وەرگێڕانە لە چەند سەرچاوەی فارسییەوە بۆ کوردی
 
یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە، نامیلکەیەکی شیعریی نووسینی عەلی شەریعەتی، لە فارسییەوە بۆ کوردی
 
دایە، باوە، کێ خراوە؟، نامیلکەیەکی عەلی شەریعەتییە کردوویەتە کوردی
 
شەرحی دیوانی مەلای جزیری
 
قورئان بە کوردی
 
ھۆزی لە بیرکراوی گاوان، نووسینی دوکتۆر مستەفا جەواد، لە عەرەبییەوە کردوویەتیە کوردی
 
فەرهەنگی وشەی ھەنبانە بۆرینە «کوردی بە کوردی و فارسی»، تاران، ١٩٩٠
 
دیوانی شێخ ئەحمەدی جزیری (مەلای جزیری)؛ دەق و مانا لێکدانەوە.
 
عیرفان، بەرانبەری، ئازادی؛ نامیلکەیەکی دکتۆر عەلی شەریعەتییە کردوویەتە کوردی
 
بە فارسی
 
تاریخ سلیمانیە (مێژووی سلێمانی)
 
روابط فرھنگی ایران و مصر (پەیوەندیە کولتورییەکانی نێوان ئێران و میسر)
 
قانون در طب، نوسراوەی ئیبن سینا لە عەرەبییەوە بۆ فارسی
 
آثارالبلاد و اخبارالعباد زکریا قزوینی لە عەرەبییەوە بۆ فارسی
kdp-
Top