شاخەوان عەبدوڵڵا: لەسەر سكاڵای ئێمه‌ دەسەڵاتەكانی ڕاكان جبووری كەم كرانەوە

شاخەوان عەبدوڵڵا: لەسەر سكاڵای ئێمه‌ دەسەڵاتەكانی ڕاكان جبووری كەم كرانەوە
ئەندامێكی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك رایدەگەیەنێت، كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ڕاكان جبووری، لەسەر سكاڵا و داوای پارتی بووە. دەشڵێ: "لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و تێكڕای لایەنەكان قسەمان كردووە و بەڵگەمان خستووەتە ڕوو،‌ كە ئەو پیاوە زیادەڕۆیی دەكات".

شاخەوان عەبدوڵڵا، ‌بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "وەك لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا سەردانی بەغدامان كرد و كۆمەڵێك دیداری گرینگمان ئەنجام دا، هەموو ئاڕاستەكانیش بەرەو ئەوەن كە هێزەكانی پێشمەرگە رێگایان پێ بدرێت لەگەڵ سوپای عێراق دەرەوەی پارێزگای كەركووك بپارێزن، تەنانەت ئەمە بۆچوونی هەندێك لە حیزبە سیاسییە عەرەبییەكانیش بوو، ئێستاش لیژنەی سەربازی دانراوە و كاری خۆیان تەواو دەكەن و ڕاپۆرت ئامادە دەكەن، ئینجا بەرزی دەكەنەوە بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق و دواجار لیژنەی باڵای هەماهەنگی كە دروست كراوە، هەڵدەستن بەوەی چۆن و لە چ ناوچەیەك هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوبەش بوونیان هەبێت."

عەبدوڵڵا دەشڵێت‌: "كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ڕاكان جبووری، لەسەر داوای ئێمە بوو‌، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و تێكڕای لایەنەكان قسەمان كردووە كە ئەو پیاوە زیادەڕۆیی دەكات، هەندێك بەڵگەمان ناردووە و‌ ڕادەستی سەرۆكوەزیرانی عێراقمان كردووە، لەسەر ئەوەی ئەو كابرایە پێشێلی دەستووری كردووە، بۆ نموونە پێشێلی بڕیاری ژمارە (29)ی ئەنجوومەنی وەزیران عێراق و پێشێلی ماددەی 140ی دەستووری كردووە، بۆیە دەرئەنجامی هەموو ئەو سكاڵایانەی ئێمە و كاركردن لەسەر كەیسە یاساییەكان و كاركردن لە پەرلەمان، وای كرد حكوومەتی عێراق بێتە دەنگ لەسەر ئەو بابەتە و لە داهاتوودا چاوەڕێی شتی تریش دەكەین، هەروەها هەوڵ دەدەین بۆ هەموو ئەو تاوانانەی كە ئەنجامی داون، چ لە بابەتی گەندەڵی یاخود لە تاوان دژی فەرمانبەرانی ئێمە، بە سزای بگەیەنین".
kdp-
Top