سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و باڵیۆزی فلیپین كۆ بوونەوە

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و باڵیۆزی فلیپین كۆ بوونەوە
باڵیۆزی فلیپین رایگەیاند، لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە. سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێ، خوازیاری دروستبوونی پەیوەندییەكی بەهێزن لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی فلیپیندا.

د. ڤاڵا فەرید، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، لە نووسینگەی خۆی لە تەلاری پەرلەمان پێشوازیی لە جولیس تۆریس، باڵیۆزی فلیپین لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا، جولیس تۆریس، باڵیۆزی فلیپین لە عێراق، پیرۆزبایی لە سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونیان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و خۆشحاڵیی خۆی بە بوونی ئافرەت لەو پۆستە سیادییانە لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و رایگەیاند: "بە خۆشحاڵییەوە یەكەمجارە سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەكەم و دەمانەوێت پەیوەندییەكی بەهێز دروست بكەین لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فلیپین لە رووی بازرگانی و وەبەرهێنان و دیپلۆماسییەوە، هەروەها بە هۆی ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە خەڵكێكی زۆری فلیپین لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و هەرێمی كوردستان بەرەو بووژانەوەی زیاتر هەنگاو دەنێت و بۆ ئەم مەبەستە لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆنسووڵخانەی فلیپین لە هەرێمی كوردستان دەكەینەوە".

هەر لە دیدارەكەدا، باڵیۆزی فلیپین لە عێراق، رۆڵی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەی كوردستانی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند.

لەلایەن خۆشییەوە، د. ڤاڵا فەرید، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی جولیس تۆریس، باڵیۆزی فلیپین لە عێراق و شاندی یاوەری، رایگەیاند: "خوازیاری دروستبوونی پەیوەندییەكی بەهێزین لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی فلیپین لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها بۆ لیژنەكانی پەرلەمانیش پێویستمان بە ئاشنابوونی زیاترە لە هەموو روویەكەوە لە چوارچێوەی كاری پەرلەمانیدا".

هیواشی خوست كە بە زوویی كۆنسووڵخانەی فلیپین لە هەرێمی كوردستان بكرێتەوە بۆ بەهێزبوونی پەیوەندیی نێوان هەردوولا و پێویستیی كۆنسووڵخانەكەیشی بۆ بوونی خەڵكی ڤلیپین كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، بە گرینگ زانی.

لە كۆتایی دیدارەكەشد باڵیۆزی فلیپین دیاریی پیرۆزبایی پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كرد.
kdp-
Top