قایمقامی زاخۆ بڕیارێکی توند لە بارەی یاریی پۆبجی بۆ فەرمانبەران دەردەکات
بۆتان موحسین، قایمقامی زاخۆ ڕايگەیاند: "پاش ئەوەی ھاووڵاتییان گلەیی و گازاندەیان کرد کە لە کاتی سەردانی دامودەزگا و ئیدارەکاندا یاریی پۆبجی دەکرێت لەلایەن فەرمانبەران و ئەمەش ڕێگرە لەبەردەم ڕاییکردنی کاروباریان، ئێمە بە بڕیار و نووسراوێکی فەرمی، ھەموو دامودەزگاکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە نابێ ھیچ فەرمانبەرێک لە کاتی دەوامدا یارییی پۆبجی بکات و ھەر فەرمانبەرێک پابەندی نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و ئەم بڕیارە لە ھەموو دامودەزگاکانی قەزای زاخۆ جێبەجێ دەکرێت“.
ڕوونیشی کردەوە کە ئامانج لە قەدەغەکردنی یاریی پۆبجی لە کاتی دەوامدا، ئەوەیە کە کاروباری ھاووڵاتییان جێبەجێ بکرێت و خزمەتی ھاووڵاتی بکرێت، ئێستاش ئەم نووسراوەی ئێمە بە فەرمی بۆ ھەموو دامودەزگا فەرمییەکانی قەزای زاخۆی ڕەوانە کراوە و لە کاتی دەوامدا یاریی پۆبجی ناکرێت.
یاریی پوبجی، یەک لەو یارییە ئەلکترۆنییانەیە کە ماوەیەکە بەرھەم ھێنراوە و خەڵکێکی زۆر ئالوودەی بوون و بەتایبەت لە کاتی دەوامدا، ماوەیەک لەمەوبەر ڕاپۆرتێک بڵاو کرایەوە کە سەربازان و ئەفسەرانی سوپای عێراق ئالوودەی یاریی پۆبجی بوون و لە کاتی دەوام و پاسەوانیدا گرفتیان بۆ ساز بووە و ناتوانن وازی لێ بێنن.
باسنيوز
