پێش نەورۆز مووچەی مانگی ١٢ی سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەکرێت

 پێش نەورۆز مووچەی مانگی ١٢ی سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەکرێت
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ی ٢٠١٨ی سەرجەم دامەزراوەکانی حکوومەتی کردووە و پێش جەژنی نەورۆز، مووچەی مانگی ١٢ی سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەکرێت.



لە کاتێکدا ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی شوباتی ٢٠١٩، بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینیی مەدەنی، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ١١ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. سەرچاوەیەک لە دیوانی وەزارەتی دارایی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانگەکان وردبینییان تێدا کراوە و چەکی دابەشکردنی مووچەکەشیان ئامادە کراوە.



ڕوونیشی کردەوە کە ڕۆژی ٥ی ٣ی ٢٠١٩، دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ی ٢٠١٨ی فەرمانبەران دەست پێ دەکات و سەرەتای خشتەکە هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو، لە وەزارەتی (پێشمەرگە، دواتر پەروەردە، تەندرووستی، دارایی و ...هتد) دەبێت. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پلانێک هەیە تاوەکوو پرۆسەی دابەشکردنەکە لە مانگی ئاداردا هەندێک خێراتر بکرێت، بە جۆرێک کە سەرجەم فەرمانبەران لە پێش جەژنی نەورۆز، مووچەی مانگی ١٢ وەربگرن.



سەرچاوەکە لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی کە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت، بە (باسنیوز)ی گوت: ”دیار نییە کە مانگی داهاتوو ٣١٧ ملیار لە بەغداوە دێت یان ٥٢٢ ملیار دینار، بەڵام چەکی مووچەی مانگی ١٢ بە پاشەکەوتەوە ئامادە کراوە“. هاوکات لە حاڵەتی ناردنی بڕی ٥٢٢ ملیار دینارەکەی بەغدا، بەدووری زانی بتواندرێت پێداچوونەوە بە سەرجەم لیستی مووچەی مانگی ١٢دا بکرێت، چونکە ”ئەمە کاتێکی زۆری دەوێت و دەبێتە هۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە“.














باسنیوز
Top