نێچیرڤان بارزانی و مه‌كگۆرك دۆخی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆ ده‌كه‌ن

 نێچیرڤان بارزانی و مه‌كگۆرك دۆخی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆ ده‌كه‌ن
له‌ كۆ بوونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، شاندی ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی نوێنه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی شه‌ڕی دژی داعش، باسیان له‌ دانوستانه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراقی له‌لایه‌ك، هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، هه‌روه‌ها پشتگیریی خۆیان بۆ‌ ڕۆڵی كاریگه‌ریی لایه‌نی كوردی له‌ به‌غدا و به‌شداریكردنێكی به‌هێزیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و حومكڕانیی عێراقدا نیشان دا.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17/9/2018، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ برێت مه‌كگۆرك نوێنه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی شه‌ڕی دژی داعش كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و ستیڤ ڤه‌یگن كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، شاندی میوان باسیان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و هه‌ردوو جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و دانوستانه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراقی له‌لایه‌ك، هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، هه‌روه‌ها پشتگیریی خۆیان بۆ‌ ڕۆڵی كاریگه‌ریی لایه‌نی كوردی له‌ به‌غدا و به‌شداریكردنێكی به‌هێزیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و حومكڕانیی عێراقدا نیشان دا.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به هه‌وڵی به‌رده‌وامی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ به‌شداریكردنێكی به‌هێز له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و دیاریكردنی پۆسته‌كان له‌ به‌غدا و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق كرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاشكرای كرد كه‌ دانوستانه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی بۆ دروستكردنی هاوده‌نگییه‌ك له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسیی له‌ به‌غدا به‌رده‌وامه‌، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی ئارام و ڕێكوپێك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

تاوتوێكردنی بارودۆخی گشتیی ناوچه‌كه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌یست به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.
kdp-
Top