مەسرور بارزانی: هێشتا داعش بۆ سەقامگیریی ناوچەکە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە

 مەسرور بارزانی: هێشتا داعش بۆ سەقامگیریی ناوچەکە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە
راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، لەگەڵ‌ باڵیۆزی نیوزلاندا له ‌کۆ بووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.

ئه‌مڕۆ 18/9/2018 مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ برادلی سۆدن، باڵیۆزی نیوزلاند له ‌عێراق کۆ بووەوە، له‌ دیدارێكدا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه ‌به‌گشتی و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستان و به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵمه‌تی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كرا، له‌وباره‌وه ‌مه‌سرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ هێشتا تیرۆیستانی داعش هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ره‌كی و مه‌ترسیدارن بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌كانی مووسڵ و ئه‌نبار و ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، باس له‌هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌به‌غدا كرا و هه‌ردوولا هاوڕابوون، كه ‌‌پێویسته‌ حكوومه‌تێك بێت ره‌نگدانه‌وه‌ی پێكهاته‌ی عێراق بێت و هه‌وڵی خۆی بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه ‌سه‌ره‌كییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بخاته‌گه‌ڕ، له‌وباره‌وه ‌باڵیۆزی نیوزلاندا، پشتیوانی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێك راگه‌یاند، كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی گشت پێكهاته‌كان، ویست و داخوازی هاووڵاتییان بكات.

په‌یوه‌ست به‌هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ت، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ك ده‌دات، كه‌داخوازییه‌كانی كوردستان و ماده ‌و بڕگه‌كانی ده‌ستوور جێبه‌جێ ده‌كات.

هه‌روه‌ها مەسرور بارزانی، ئاماژه‌ی به‌چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسه‌تی ستراتیژی له‌عێراق دا، وه‌ك هه‌وڵێكی گرنگ بۆ رێگه‌گرتن له ‌تاكڕه‌ویی‌ به‌ڕێوه‌بردن و ده‌ركردنی بڕیاره ‌چاره‌نووسسازه‌كاندا.

باسكردن له‌په‌یوه‌ندییه ‌دوو قۆڵییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و نیوزلاندا، په‌ره‌پێدانیان له‌گشت بواره‌كاندا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه ‌بوو.










باسنيوز
Top