ھەرێم بۆ گەشەکردنی کەرتی وەبەرھێنان سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەردەگرێت
پلانی لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگیدانی زیاترە بە کەرتی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان و ڕاکێشانی وەبەرھێنانی بیانی بۆ ئەوەی کەرتی وەبەرھێنانی کوردستان بگەیەنێتە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکان. لەوبارەیەوە کۆسرەت بەشار، شارەزای کەرتی وەبەرھێنان ئاماژە بەوە دەکات: "وەبەرھێنانی بیانی لە ھەر وڵاتێکدا ڕۆڵ و کاریگەریی خۆی ھەیە لەسەر گەشەکردنی ئەو وڵاتە، بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی پێی دەگوترێت وڵاتی تازە پێگەیشتوو، چونکە وەبەرھێنانی بیانی چەند سوودێکی خۆی ھەیە، لەوانەش زیادکردنی ڕێژەی کار و پێگەیاندنی کادیری پڕۆفیشناڵ و کارامە ئامادە دەکات، ھۆکارێکە بۆ ھێنان و تەکنیکی نوێ و سەردەم لە بواری وەبەرھێناندا، وڵاتانی پێشکەوتوو ھەموویان لە قۆناغی سەرەتادا لە ڕێگەی وەبەرھێنانی بیانییەوە خۆیان پێش خستووە و سوودیان لە ئەزموونی وڵاتانی دەوڵەمەند وەرگرتووە، لەبەر ئەوەی زۆر زەحمەتە تەنیا بە ئەزموونی ناوخۆ کەرتی وەبەرھێنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو پێش ببرێت."
ئەو شارەزایەی وەبەرھێنان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: "تیمی پارتی لە حکوومەتدا ڕۆڵی گرنگی ھەبووە لە پێشخستنی کەرتی وەبەرھێنان، بە تایبەتی سەرۆکی حکوومەت کە جێگری سەرۆکی پارتیشە توانی بە لێھاتوویی خۆی کوردستان بخاتە سەر نەخشە وزەی جیھانی." دەشڵێت: "لە ساڵی ٢٠٠٦ دوای دەرچوونی یاسای وەبەرھێنان، وەبەرھێنانی بیانی ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە و بە پێی ڕاپۆرتی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان ڕێژەی وەبەرھێنانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٤٠ ملیار دۆلار، ئەوەش ژمارەیەکی کەم نییە، بەڵام بەداخەوە بە ھۆی ھاتنی شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەپاندنی قەیرانی دارایی بەسەر کوردستاندا وەبەرھێنانی بیانی پاشەکشەی کرد و نەیتوانی وەک پێشتر بەردەوام بێت."
کۆسرەت بەشار ڕوونی کردەوە: "ئێستا خەریکە وەبەرھێنان دەگەشێتەوە و وەبەرھێنانی بیانی دیسان گەڕاوەتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت ماوەکانی ڕابردوو ژمارەیەکی بەرچاوی وەبەرھێنەر و کارسازی وڵاتی سعوودیا سەردانی کوردستانیان کرد و بڕیارە چەندین پڕۆژە ئەنجام بدەن، ھەروەھا کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت بەردەوامن لە وەبەرھێنان لە کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان و زۆربەشیان کۆمپانیای بەناوبانگی جیھانین، ئەگەر ڕەوشەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، بێگومان کەرتی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتن و بووژانەوەی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت."
kdp-
