عەلی عەونی: چاومان لە بردنەوەی پەنجا كۆ یەكی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانە
پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستی ١٨٣ و بە دروشمی بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز دەستی بە بانگەشە كردووە و بەرنامەیەكی تێروتەسەلیشی داناوە، كە گرنگترین خاڵەكانیشی بریتین لە بەهێزكردنی دەنگ و سەنگ و قورساییی كورد لە بەغدا و خەباتی بەردەوام بۆ تێگەیاندنی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە مافی ڕەوای چارەنووسی خەڵكی كوردستان و بەدیهێنانی كۆدەنگی بۆ بەرژوەندیی خەڵكی كوردستان و پێداگیری لەسەر بنەماكانی شەراكەت و تەوافق و هاوسەنگی لە عێراق بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی تازەی عێراقدا.
عەلی عەونی، بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "لە سنووری لقی 10 دەستمان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە، لە سۆران و قەزاكانی مێرگەسۆر و ڕواندز ڕۆژانە كۆڕ و كۆبوونەوە ئەنجام دەدەین و كاندیدەكانی خۆمان دەناسێنین، هەروەها ڕۆژانە دەگەڕێین و ئەوەی پێویست بێت دەكەین و بە پێی ئەو بەرنامەیەی كە دامانناوە بانگەشە دەكەین، داواش لە خەڵكی خۆمان نەك لە سنووری لقی 10 بەڵكو لە خەڵكی هەموو كوردستان داوا دەكەین، هەموو پێكەوە ڕۆژی دەنگدان ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی بدەن."
بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران ئاشكرایشی كرد: "تمووحی پارتی ئەوەیە كە 50+1 كورسییەكانی پەرلەمان مسۆگەر بكات، تاكو كوردستان لەو فەوزا و ئاڵۆزییە ڕزگار بێت، هەموو هەوڵێكیش بۆ ئەوە دەدەین. بێگومان پارتی حزبی یەكەمە و كورسییەكانیشی زیاد دەبن و دەنگەكانیشی زیاتر دەبن، بەڵام دەمانەوێت زۆر زیاد بكەین، ئەوەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە پارتی شەڕی داعش و حەشدی شەعبی كرد، گەلی كوردستان دەزانێت كێ بەرگری لە ئەوان دەكات و مافەكانی ئەوان بەدەست دەهێنێت، ئەو ئیدارەیەی كە پارتی دەیكات، خەڵك بەراوردی دەكات لەگەڵ ئەو ئیدارەیەی كە سلێمانی بەڕێوە دەبات، ئەو فەوزا و ئاڵۆزییەی كە لەو ناوچەیە هەیە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان نین، لە بەرامبەردا لە سنووری پارتی بەردەوام خزمەتگوزارییەكان پێشكەش دەكرێن، گەلی كوردستان ئەوەی لەبەرچاو گرتووە، دووەم ئەو بەرگرییەی كە پارتی لە گەلی كوردستانی دەكات، خەڵك دەزانێت ئەگەر پارتی و سەرۆك بارزانی نەبووایە ئێستا كێ حوكمی لە هەولێر دەكرد، ئێستا كێ حوكم لە كەركووك دەكات، ئەگەر پارتی نەبووایە حەسەن پڵایس و ئەبووفەزڵ جەرنەفیس لە هەولێر حوكمیان دەكرد، بۆیە خەڵك باش دەزانێت كە كێ بەرگری لە ئەوان دەكات و كێ كار بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی ئەوان دەكات."
عەلی عەونی، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پارتی دەتوانێت كوردستان بەهێز بکات، پارتی گەلی كوردستان لە خەونی سەربەخۆیی نزیك دەكاتەوە، پارتی هەوڵی دا كوردستان دەستووری خۆی هەبێت، ئەوە حزبەكانی دیكە بوونە ڕێگر و ڕێگەیان نەدا كوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، پارتی هەوڵی دا كێشەكان لەگەڵ عێراق چارە بكات، مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكات، نەك دوو وەزیری لە بەغدا هەبن، خەڵك هەموو ئەوەی لە بیرە، بۆیە دەنگ بە پارتی دەدەن، ئەمە لە كاتێكدایە هەندێك لایەن حەز ناكەن كوردستان بەهێز بێت، هەندێك لایەن دەیانگوتە عەبادی وەرە دوو مووچەمان بدەرێ و ئێمە سەربەخۆییمان ناوێت و كوردستان داگیر بكە، ئەگەر پارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێز دەبێت، پارتی لێناگەڕێت گەلی كوردستان هەست بە بچووكی و لاوازی بەرامبەر بە دوژمن بكات".
kdp-
