لە كەركووك هەوڵی دەركردنی ژمارەیەك خێزانی كورد لە خانووەكانیان دەدرێت

 لە كەركووك هەوڵی دەركردنی ژمارەیەك خێزانی كورد لە خانووەكانیان دەدرێت
بەرپرسێكی حزبی، ئاماژە بەوە دەدات، کە لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا لە شاری كەركووك هەوڵی دەركردنی ژمارەیەك خێزانی كورد لە خانووەكانیان دراوە.


كاوە ئەحمەد، كارگێڕی لقی سێی كەركووكی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "دەسەڵاتی سەپێنراوی كەركووك بڕیاری داوە بە چۆڵكردنی ژمارەیەك خانوو لە سنووری پەیمانگای تەكنیكی كەركووك كە چەندین ساڵە بەشێك لە خێزانی كورد تێدا نیشتەجێن، ئەوان لەو ڕێگایانەوە و بۆ مەرامی خۆیان و لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبكردندا ئێستا هەوڵی دەركردنی ئەو خێزانە كوردانە دەدەن، پێشتریش و هەر لە سنووری كەركووك بەبیانوی جۆراوجۆر هەوڵ دراوە كوردەكان لە ماڵەكانی خۆیان دەربكەن".

لەبارەی ئەو نووسراوەی پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك بۆ دەركردنی رێكخراوەكانی سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كەركووك، ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستە روو، کە ئەوەش بەهەمان شێوە لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبدایە و بیانووەكەش ئەوەیە كە ئەو رێكخراوانە مۆڵەتیان تەنیا لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەرگرتووە، بابەتەكە خۆی لەخۆیدا ئەوەیە كە دەیانەوێت كەركووك وەك پارێزگایەكی هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراقی لێبكەن و سیمای كوردستانییەتی پێوە دیار نەمێنێت.

ئاشکراشی کرد، کە لەم چەند رۆژەی رابردوو میلیشیاكان لەسنووری خاڵی بازیان، هەندێك جموجۆڵی نابەجێیان كردووە، بەڵام پاشان پێشمەرگە لە سنوورەكە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە ڕووی كردەوە سەربازییەكانیان، گوتیشی: ”لە ڕووی دەركردنی بڕیاری نابەجێ دژ بە هاووڵاتییان، میلیشیاكان درێغیان نەكردووە“.












باسنیوز
Top